Kurdistan Press - ئەنجامی کۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە ئەنجامی کۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئەنجامی کۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە

شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی پرسی مووچە فەرمانبەران نەگەیشتنە ڕێککەوتن و گفتوگۆکان بەکراوەیی جێهێڵدراون، ئێستاش هەردوولا چاوەڕوانن سوودانی بڕیار بدات. 

سەرەڕای ئەوەی لە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان پشووی فەرمی بوو، بەڵام شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتی کۆبوونەوەی خۆیان کرد، ڕۆژی پنجشەممە، 9-4-2025 شاندێکی هەرێمی کوردستان بەبەشداری د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ ئەو لیژنە چوار کەسییە کۆبوونەوە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەفتەی ڕابردوو پێکیهێنا.

بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هاتووە، ناکۆکی و جیاوازی هەبووە و نەگەیشتوونەتە چارەسەر و گفتوگۆکان بەکراوەی جێهێڵدراون.

چەند خاڵێک لە نێوان شاندی هەردوولا بووەتە گرفت کە بەمشێوەیەیە؛ لەسەر خودی پێناسی داهاتی نانەوتییە، حکومەتی عێراق دەڵێت: هەر داهاتێک هەیە بۆمان بنێرن، واتا سەدا سەدی داهاتی ناوخۆمان بۆ بنێرن، دواتر خۆمان لە بەغدا جیای دەکەینەوە و بەشی ئێوە دەنێرینەوە، بۆ نموونە داهاتی فیدراڵی سەدا پەنجا بە پەنجا هیچ لایەک لاری نییە، دەبێت هەمووی بنێردرێت و دواتر لە بەغداوە نیوەی بۆ کوردستان بنێردرێتەوە.

ناکۆکی لەسەر داهاتی باج و گومرگ و بەڕێوەبەرایەتییەکانیش هەیە، چەندی بۆ کوردستان بێت و چەندی بدرێت بە بەغدا هێشتا نەگەیشتوونەتە چارەسەر.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە ڕازیی نییە تەواوی داهات بۆ بەغدا بنێرێت ئینجا بەشێک بۆ کوردستان دیاری بکرێت و بنێردرێتەوە، دەڵێن ئەمە پێچەوانەی دەستوور و فیدراڵییەتە، خۆ هەرێمی کوردستان پارێزگا نییە وەکو بەسڕە و ئەنبار مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

هەفتەی ڕابردوو محەممەد شیاع سوودانی، ماوەی هەفتەیەکی دیاریکرد بۆ ئەوەی دیسان شاندی هەردوولا کۆبوونەوە بکەن و بگەن بە ڕێککەوتن، لە ئەگەری ڕێککنەکەوتن، ئەم دۆسیەیە دەکرێتە پرسیار و ئاراستەی دادگای فیدراڵی یان ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکرێت، هاوشێوەی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان، ئەو کاتە دادگای فیدراڵیی یان ئەنجوومەنی دەوڵەت هەر بڕیارێک بدات دەبێت هەردوولا پێیەوە پابەندبن. ئێستاش چاوەڕوانی سوودانی دەکرێت بڕیار بدات.

سەبارەت بە دۆسیەی نەوتیش هێشتا هیچ ڕێککەوتن و بەرەو پێشچوونێکی نوێ نییە، حکومەتی عێراق ئامادە نییە گەرەنتی ئەو 16 دۆلارەی دیاریکراوە وەک شایستەی کۆمپانیاکان بدات لە بەرامبەر هەر بەرمیلێک نەوت.

ئەمانە دوو مەرجی ناردنی مووچەی مانگی حەوت و مانگەکانی دواترن، تاوەکو یەکلانەکرێنەوە دیارنییە کەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه