Kurdistan Press - قەیرانی گەورە بەرۆکی عێراقی گرتووە قەیرانی گەورە بەرۆکی عێراقی گرتووە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

قەیرانی گەورە بەرۆکی عێراقی گرتووە

عێراق ڕووبەڕووی یەکێک لە مەترسیدارترین قەیرانە وجوودییەکانی بووەتەوە، دوای ئەوەی ئاو لە سەرچاوەیەکی ژیانییەوە گۆڕاوە بۆ دووڕیانێکی ستراتیژی کە هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دەکات. ئیتر مەسەلەکە تەنیا لە دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات سنووردار نییە؛ بەڵکوو بووەتە قەیرانێکی ئاڵۆز کە لەگەڵ فشارەکانی وڵاتانی دراوسێ و گۆڕانی کەشوهەوا و خراپ بەڕێوەبردنی ناوخۆیی سەرچاوەکان تێکەڵ بووە.

بەپێی قەبڵاندنی توێژینەوەکان، یەدەگی ئاوی ستراتیژی گەیشتووەتە ئاستێک کە لە دەیان ساڵە نزمی ئاستی ئاو بەم جۆرە تۆمار نەکراوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ناسکیی سیستەمی ئاوە لە بەرامبەر کەڵەکەبوونی قەیرانەکاندا.

وتووێژە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن؛ کە ئەم دۆخە چیتر تەنیا قەیرانێکی ژینگەیی نییە، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ توانای دەوڵەت لە پاراستنی سەروەریی خۆی و دەستەبەرکردنی مانەوەی پێکهاتە ناوخۆییەکانی.

وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و زۆنگاوەکان

عادل موختار، شارەزا بارودۆخی زۆنگاوەکان بە ماڵپەڕی (بەغدا ئەلیەوم)ی ڕاگەیاند: "کەمیی سەرچاوەکانی ئاو چیتر بەتەنیا قەیرانی ژینگەیی نییە، بەڵکوو گۆڕاوە بۆ کارەساتێکی مرۆیی و ئابووری کە هەڕەشە لە سەقامگیریی کۆمەڵگای ناوخۆیی دەکات".

گوتیشی: "مرداربوونەوەی گامێشەکان و بچووکبوونەوەی ڕووبەرە ئاوییەکان هەڕەشە لە لەدەستچوونی سەرچاوەی بژێویی هەزاران خێزان دەکەن."

شارەزایان ڕوونی دەکەنەوە، ئەوەی لە زۆنگاوەکاندا ڕوو دەدات تەنیا خەسارەتێکی ژینگەیی نییە، بەڵکوو داڕووخانی سیستەمێکی کولتووری و شارستانیییە کە لەمێژە بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی عێراق و وەک میراتی جیهانیی ڕیزبەند کراوە.

کۆچی دانیشتوان و چۆڵکردنی گوندەکان

لە پارێزگای زیقاڕ، عارف حەمامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق؛ پشتڕاستی کردەوە کە کۆچی گوندنشینەكانی عێراق بەردەوامە، لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەیان

حەمامی، لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا ڕوونی کردووەتەوە؛ بەپێی قەبڵاندنە مەیدانییەکان زیاتر لە 10 هەزار خێزان ناچار بوون ناوچەکانیان جێ بهێڵن.

گوتیشی: "ئەمە یەکێکە لە گەورەترین شەپۆلەکانی ئاوارەبوونی ژینگەیی عێراق، لە مێژووی هاوچەرخیدا شاهیدی بووە."

لەدەستدانی یەك ملیۆن درەخت

سەبارەت بە ڕووپۆشی ڕووەک و سەوزایی، (ڕوانگەی سەوزی عێراق) ئاشکرای کردووە؛ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا یەک ملیۆن نەمام بەهۆی وشکەساڵییەوە لەناو چوون، ئەمە جگە لە هۆکارە مرۆییەکان وەک بڕینی ئاوی باخچەکان، فرۆشتنی دار بە چێشتخانەکانی ماسی، یان داربڕین بۆ پڕۆژەی بازرگانی.

لەناوچوونی یەك ملیۆن درەخت بووەتە هۆی لەناوچوونی پشتێنەی سەوز و کەمبوونەوەی توانای شارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تۆز و زریانی خۆڵ.

بەپێی قەبڵاندنە ژینگەییەکان، گەشەکردنی ئەم ژمارەیە لە نەمام پێویستی بە دەیان ساڵ چاندن و چاودێریکردنەوە هەیە، ئەمەش وای کردووە کەلێنی ژینگەیی زۆر فراوان بێت بۆ ئەوەی بە ڕێوشوێنی ڕووکەش چارەسەر بکرێت. وەک؛ بۆیاخکردن بە رەنگی سەوز لە قەراغی شۆستەکان.

قەیرانێکی پڕ لە مەترسی

مورتەزا ئەلجنووبی، شارەزا لە بواری ئاو و ژینگە بە هەمان ماڵپەڕی ڕاگەیاندووە: "قەیرانی وشکەساڵی لە عێراق چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە کە هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دەکات، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی دابەزینی داهاتی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ و لاوازیی ڕێوشوێنەکانی حکوومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانە."

بە گوێرەی چاودێران و شارەزایان، ئەم قەیرانە لە ئاستێکی ئاساییەوە بووەتە مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بژێویی هاووڵاتییان، چونکە دابەزینی ئاستی ئاو و کەمبوونەوەی کۆگاکانی ئاو کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی ئاژەڵداری هەبووە.

داتاکانی چاودێریکردن ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کاردانەوەیە کاریگەریی لەسەر بژێویی ملیۆنان عێراقی هەیە و ڕێژەی بێکاری و کۆچی ناوخۆیی زیاد دەکات.

شارەزایان ڕوونی دەکەنەوە؛ کە پشتبەستن بە تەنیا بە ڕێوشوێنی دەستبەجێ، وەک کەمکردنەوەی ڕووبەرە چێنراوەکان، یان پشتبەستن بە بەنداوەکانی ناوخۆ بەبێ ستراتیژێکی تۆکمەی نیشتمانی، بەو مانایەیە کە قەیرانەکە ساڵ لەدوای ساڵ خراپتر دەبێت.

شیاوی باسە، پرسی وشکەساڵی تەنیا لە وردبینیی تەکنیکیدا سنووردار نەبووە؛ هەروەها ڕووی لە پەرلەمانی عێراق کردووە، کە ناچارە دەستوەردان بکات لەنێوان پەرەسەندنی فشاری خەڵکدا.

تایر ئەلجبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمان، ڕوونی کردووەتەوە،: "رێژەی بەردانەوەی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە بۆ ناو عێراق بۆ ئاستێکی مەترسیدار دابەزیوە کە لە 150 مەتر سێجا زیاتر نییە لە چرکەیەکدا، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە 750 بۆ 800 مەتر سێجا هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاودێری و ئاوی خواردنەوە".

نها بەهۆی کەمئاوییەوە، عێراق ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددی دەبێتەوە کە بە نەمانی لەسەر نەخشەی جیهاندا کۆتایی دێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، حکوومەتی عێراق خەمساردە و هەنگاوێکی جددیی بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە ناگرێتە بەر. هاووڵاتییان تەنیا نزا و دوعا دەکەن و پسپۆڕانیش دەڵێن: پێویستە عێراق حاڵەتی لەناكاوی ئاوی نیشتمانی ڕابگەیەنێت و دیپلۆماسیەتێکی توندوتۆڵ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەرپا بکات، بەتایبەتی تورکیا کە بەردەوام بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق کەم دەکاتەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه