نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە ڕێکخراوی یونسکۆ بە فەرمی بەشداریکردنی ئیسرائیلی لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی ئەو ڕێکخراوە لە پاریس ڕەت کردەوە، ئەمەیش وەک پێڕەوکردنی هەڵوێستی یاسایی و فەرمیی وڵاتەکەی کە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئەو ئیسرائیل بە تاوان دەناسێنێت.
ئەمڕۆ هەینی دووی تشرینی یەکەمی 2026، دکتۆر ئەسعەد تورکی سواری، نوێنەرى هەمیشەیی عێراق لە ڕێکخراوى یونسکۆ ڕاى گەیاند، بەپێی نووسراوێکى فەرمی هەڵوێستی عێراق لە وەڵامی ئەو بانگهێشتنامانەدا کە ڕێکخراوی یونسکۆ ئاراستەی ژمارەیەک لە وڵاتانى دەرەوەی ڕێکخراوەکەی کردووە، لە ناویاندا ئیسرائیل، بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکە، عێراق دووپاتی کردووەتەوە هەڵوێستەکەی لەسەر بنەمای "یاسای بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوە لەگەڵ قەوارەی زایۆنی ژمارە 1ی ساڵی 2022" دروستکردنی هەر جۆرە پێوەندی یان مامەڵەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغە دەکات.
نوێنەری عێراق لە یونسکۆ زیاتر دەڵێ، عێراق پێشتریش لەمیانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ بەردەوامیی داگیرکاری و پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بەرانبەر گەلی فەلەستین دەربڕیوە.
ئاماژەی بەوەیش کردووە، عێراق بەردەوام دەبێت لەسەر هەڵوێستی یاسایی و سیاسیی خۆی لە ئامادەبوونی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکانی یونسکۆ بەپێی دیدگەی عێراق لەگەڵ یاسای بەرکاری عێراق.
لە کۆتاییدا نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە یونسکۆ داوا دەکات، هەڵوێستی گرووپی عەرەبی بەرانبەر هەر بانگهێشتێک بۆ ئیسرائیل، چ لە کۆبوونەوەی ئێستە و چ لە داهاتوودا ڕوون و یەکلاکەرەوە بێت، چونکە ئەم هەڵوێستە بەشێکە لە هەڵوێستی بنەڕەتی، یاسایی، ئەخلاقی و مرۆیی.


وەڵام بدەوه