حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، ڕەزامەندی دراوە لەسەر ئەنجامدانی ٤٠ گەشتی ئاسمانیی ڕۆژانە لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەم بڕیارە وەک بڕیارێکی ئەرێنی و بەخشینێک لە لایەن واشنتنەوە بۆ داواکارییەکانی بەغدا دێت، بە مەبەستی ئاسانکاری و چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاووڵاتییانەی کە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی، خوێندن و زیارەتی ئایینی پێویستیان بە گواستنەوەی خێرا هەیە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، عەلی زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هاتوچۆی ئاسمانی تەنیا گواستنەوە نییە، بەڵکو پردێکە بۆ پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ئابووری، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە عێراق لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا تەنیا بەرژەوەندیی گەلەکەی و بنیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو وڵاتان دەکاتە پێوەر. سەرۆک وەزیران جەختیشی کردەوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی ئەو دۆسیانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە تاوەکو تەواوی ئاستەنگەکانی بەردەم گواستنەوە تێپەڕێنرێن.
لای خۆشییەوە، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا دەربڕی کە لەسەر داوای عێراق ئەم بەخشینەی بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف دەرکردووە و ئەم هەنگاوەی بە نیشانەی گرنگیی دیالۆگ و پەیوەندیی بەرپرسیارانە زانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کردەیی بۆ کێشە مرۆییەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرڕای ئەم ئاسانکارییە، کۆمپانیای ئاسمانیی "ماهان"ی ئێرانی بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە دەگریتەوە و ناتوانێت بەشداری لە ئەنجامدانی ئەم گەشتانەدا بکات.


وەڵام بدەوه