ئاری ئەحمهد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە ڕایگەیاند: "وەكوو پاڵپشتی بۆ ئەوانەی شوێنی بازرگانی و پیشەسازیی بچووكیان هەیە، كە 21 جۆری ئیش و شوێنكار دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی وەكوو شوێنە گەورەكان پارەی زۆری ئاویان لەسەر ئەژمار نەكرێت، چونكە بەكارهێنانی ئاویان كەمترە، بۆیە پارەی ئاوی پێشوویان كەم دەكرێتەوە."
ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو شوێنانە مانگانە پێنج هەزار دیناریان بۆ ئەژمار دەكرێت، واتا لەبڕی خەرجكردن و بەركارهێنانی ئاو، ئەوە بەشێوەیەكی بڕاوە مانگانە پێنج هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت."
ئاشكراشی كرد: "ئەو بڕیارە ئەو شوێنانەی گوندن و بەستانی پێوەری ئاو نایانگرێتەوە، مانگانە بۆ كرێی ئاو پێنج هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت و ئەوانیش دەخرێنە نێو سیستەمی نیشتمانیی كۆكردنەوەی ئاو و دەبێ پارەی ئاو بدەن."
ئاری ئەحمهد جەختی كردەوە، ئەو بڕیارانە بۆ هاوكاری و بارسووكیی دارایی هاووڵاتییانە و مەبەست پاراستنی سامانی ئاوە، گوتیشی: "دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا ئەو شوێن و كەسانە سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە و پارەی پێشوویان لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت و مانگانە تەنیا پێنج هەزار دیناریان بۆ ئەژمار دەكرێت."
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە 552 ملیار دینار بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە خەرج دەکات و بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 300 ملیار دیناری قەرزی ئاویش لای هاووڵاتییانە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان ئاشكراشی كرد: "لێخۆشبوونی كرێی 15%ی قەرزی ئاو، لە مانگی شەش تەواو بوو، بەڵام ئێستا لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان قیستی دانەوەی قەرزەكان لە چوار قیستەوە زیاد كراوە بۆ شەش قیست، كەسێك 200 هەزار دیناری ئاو قەرزار بێت، ئەوە بۆی دەكرێتە شەش قیست، بە مەرجێك 25%ی قیستی یەكەمی بدات و 75%ی قەرزەكەی دیكەیش بە پێنج قیست بداتەوە، كە سەرجەم دەكاتە شەش قیست."


وەڵام بدەوه