عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عروبە لە کەرکووک راگەیاند، باوەڕمان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە و تاوەکو ئێستاش هیچ رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا و دانانی پارێزگاری نوێ نەکراوە.
لەبارەی پۆستی پارێزگاری نوێی کەرکووکەوە باسی لەوە کرد، "چەند بەربژێرێک هەن، راکان جبووریش یەکێک لەم بەربژێرانەیە بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا توانی پارێزگاکە بەڕێوەببات و لەلایەن پێکهاتەی عەرەبییەوە پەسندکراو بوو. بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کە بەربژێری دیکە نەبێت. تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی دیاریکراوی بەربژێر نییە، بەڵام راکان جبووری یەکێکە لەو بەربژێرانەی زۆرترین چانسیان هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەهۆی ئەوەی رێککەوتنێک هەیە لەلایەن لایەنە سیاسییە عەرەبییەکان و زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییە عەرەبییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی راکان جبووری ویلایەتەکەی نوێ بکاتەوە".
کەرکووک 16 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای هەیە، کورد حەوتی بەدەستهێناوە، عەرەب شەش، تورکمان دوو و کریستیانیش خاوەنی کورسییەکن، بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی و دانانی پارێزگار کورد پێویستی بە هاوپەیمانییە؛ لایەنەکانی عەرەب و تورکمان پێکەوە دەتوانن پارێزگار دابنێن و کورد بکەنە دەرەوەی گۆڕەپانەکە، بەو مەرجەی ئەندامەکەی کریستیان پشتیوانییان بکات.
بۆ دانانی پارێزگار و دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک لە 16 کورسی نیوە +1ـی پێویستە، واتا نۆ کورسی؛ لە نەتەوەی کورد 7 کورسی مسۆگەر کراوە، کە پێنجی یەکێتی و دووانی پارتین، بۆ دانانی پارێزگار کورد پێویستی بە دوو دەنگی دیکەیە، بەربژێرە سەرکەوتووەکەی کریستیان کە بە نزیک لە یەکێتی دادەنرێت، ئەگەر ئەویش یەکلا بێتەوە و پشتیوانی کورد بکات، هێشتا کورد پێویستی بە دەنگێکی دیکەی ئەو هەشت کورسییەیە کە دووانی تورکمان و شەشی عەرەبن.
وەڵام بدەوه