هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەهێزترین شەپۆلی بارانبارین و هەورەبرووسکەی توند و تەرزە کە بەیەکەم شەپۆلی بەهێزی ئەمساڵ دادەنرێت سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئاماژەشی بەوە داوە: دوای کپبوونی نزمەپەستانی دەریای سوور بۆ ماوەیەکی زۆر دووبارە چالاک دەبێتەوە و پێشبینیی دەکرێت لە ڕۆژی چوارشەممە 14/2/2024، لەگەڵ نزمەپەستانی دەریای سپی ناوەڕاست یەکدەگرن و شەپۆلیکی زۆر بەهێزی بارانبارین و هەورە بروسکە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات کە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە چەقی شەپۆلەکەیە و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری بارانبارینی زۆرباش هەیە، بەشێوەیەک لە هەندێک ناوچە بڕی بارانبارین 100 بۆ 200 ملم تێپەڕ دەکات، بە تایبەت سنووری پارێزگای کەرکووک و قەزاوناحیەکانی ئەگەر هەیە زۆرترین بڕی بارانی تێدا ببارێت و لە شوێنە نزمەکانی (هەولێر، کەرکووک، سلێمانی و گەرمیان) ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە بۆیە پێویسته وەزارەتی شارەوانیی و بەرگریی شارستانی ئامادەکاری بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو بکەن، چونکە ئەگەری دروستبوونی لافاو لە بەشێکی زۆری ناوچەکان کراوە دەبێت
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی راشی گەیاندووە: "لە ماوەی ئەم شەپۆلەدا بەنداوەکان پڕ دەبن لەئاو و سەرڕێژدەبن، کانی و کارێزەکانیش دەبووژێتەوە، هەروەها بەهۆی بەهێزی شەپۆلەکە لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری دروستبوونی هەوری سوپرسێڵ هەیە، کە هەڵگری زۆرترین بڕی شێ ڕێژەییە و لەماوەیەکی کەمدا زۆرترین باران لەگەڵ خۆی دەبارێنێ و دەبێته هۆی دروستبوونی لافاو."
وەڵام بدەوه