Kurdistan Press - مەترسی دروستبوونی لافاوێکی تر ھەیە مەترسی دروستبوونی لافاوێکی تر ھەیە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

مەترسی دروستبوونی لافاوێکی تر ھەیە

ئەمشەو پێنجشەممە 21/3/2024، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "پێشبینی دەکرێت لەسبەینێوە کە دەکاتە ڕۆژی هەینی 22/3/2024، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپەستانی ناوچەکانی دەریای سپی ناوەراست و هاتنی بڕی شێی پێویست لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراقەوە، شەپۆلێکی بەفر و بارانبارینی مامناوەند و پچڕپچڕ سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت لەکاته جیاوازەکاندا بارانی باش ببارێت بڕو جۆری بارانبارینەکەش لەشوێنێک بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت، لە هەندێ حاڵەتیشدا بارانبارین لەبارانی مامناوەند دەگۆڕێت بۆ بارانی بەخوڕ بۆ بارانی بەلێزمە بەتایبەت ناوچه شاخاوییەکان پشکی شێریان بەردەکەوێت لەڕووی بارانبارینەوە.

ئەوەشی خستووەتە روو: "سەرەتای بارانبارینەکە درەنگانی ئەمشەو لەکاتی پارشێو بۆ کاتی بەرەبەیان لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و موسڵ و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر بە بارانی مامناوەند دەستپێدەکات و دواتر دەگۆڕێت بۆ بارانی بەلێزمە، لەکاتی بەرەبەیان بۆ دوای خۆرهەڵاتن بەدواوە سەنتەری پارێزگای هەولێر، شەمامک، گوێڕ، دیبەگە، قەراج، کەندیناوە، مەخموور، سەڕگەڕان، ئیدارەی ڕاپەڕین، کۆیە و دەورووبەری و تەواوی دەورووبەری پارێزگای کەرکووک دەگرێتەوە."

ئاماژەشی بەوە داوە: "لە کاتەکانی پێش نیوەڕۆ بۆ دوای نیوەڕۆ شەپۆلەکە درێژ دەبێتەوە و سەرجەم ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و تەواوی ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە و لە سەرجەم ناوچەکان لەکاتە جیاوازەکاندا ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکە و بارانی مامناوەند بۆ بارانی بارانی بەلێزمە هەیە."

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی راشی گەیاندووە: "چەقی بارانبارینەکە سبەی هەینییە و زۆرترین بڕی باران لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سۆران و دەورووبەری دەبێت مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە هاوشێوەی شەپۆلەکەی رۆژی 19/3/2024."

جەختیشی کردووەتەوە: "سبەی هەینی لەکاتی نیوەڕۆ بۆ کاتی ئێوارە ئەگەری بارانی بەلێزمه و چالاکبوونی هەورەبرووسکەی توند هەیە و لە هەولێریش بەهۆی زۆری بارانی مامناوەند بۆ بارانی بەلێزمە مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە.

ئەوەشی خستووەتە روو: "بەهۆی کاریگەریی بارستە هەوای ساردی جەمسەر لە ناوچەکانی باکووری کوردستان بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە کوێستانییەکان دەستپێدەکاتەوە و ئەگەری بەفربارینی مامناوەند لە سەنتەری ناحیەی حاجی ئۆمەران و دەورووبەری، چیای هەڵگورد، چیای کۆڕەک، مەرزی کێلێ و ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک هەیە، هەروەها خێرایی باش زیاد دەکات دەگاتە 20 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا و پلەکانی گەرماش بەڕێژەی 3 تا 4 پلە نزمدەبێتەوە، کاریگەری ئەم شەپۆلەش تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت و دواتر کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە."

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه