ئەمڕۆ سێشەممە، 16-04-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەری میری، لە گشتانێکدا کە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی باجی دەرامەت ئاراستە کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، "پاڵپشت بە بڕیاری (ئەنجوومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتیی دیوان)، ژمارە (245) لە ڕێککەوتی (27-03-2024) و، ڕێنمایی دارایی ژمارە (2) لە ساڵی (2024)، بە مەبەستی هاوکاریی ئەو پیشەوەرانەی خاوەن یەک سەرچاوەی داهاتی سنووردارن، دوای دیراسەتکردنی بارودۆخی دارایی پیشەوەران بۆمان دەرکەوت، کە ئەو لیستەی هاوپێچی نووسراومانە، هەروەها لەگەڵ هاوشێوەکانیان لەم جۆرە پیشەوەرانەن. بۆیە کاری پێویست ئەنجامبدرێت بە داشکاندنی خەمڵاندنی داهاتی ساڵانەیان بە ڕێژەی سەدا 50 بە ئامانجی کەمکردنەوەی باری قورسی داراییان".
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:
داشکاندن لە پارەی کەڵەەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.
داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ).
داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت
داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.
لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.
داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.
داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.
لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.
وەڵام بدەوه