هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، پڕۆژەیاسای پەروەردە گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و دەشڵێت، پڕۆژەیەکی گرینگە بۆ کەرتی پەروەردە و لە ١٩٧ ماددە پێک ھاتووە.
گوڵستان باقی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیاسای پەروەردە ساڵی ١٩٩٢ دەرکراوە و دواتر ھەموار کراوەتەوە، ئەم جارە پڕۆژەیاسای پەروەردە زۆر فراوانتر کراوە و لە چوارچێوەی ١٩٧ ماددەدا یاسای نوێی پەروەردە ئامادە کراوە و بڕیارە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و دواتر لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند بکرێت و ڕاپۆرتی کۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای پەروەردەوە کۆتاییی ھاتووە.''
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە دەشڵێت: "لەگەڵ وەزیری پەروەردە کۆ بووینەتەوە و لەسەر ھەموو وردەکاریی نێو پڕۆژەکە گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی، چونکە دەمانەوێت ئەم جارە یاسایەک بۆ کەرتی پەروەردە دەربکرێت کە گۆڕانکاری دروست بکات.''
دەربارەی دەستکاریی وانەکان، بەتایبەتی وانەی پەروەردەی ئیسلامی، گوڵستان باقی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھیچ دەستکارییەک نەکراوە، بەپێچەوانەوە وانەی پەروەردەی ئیسلامی وەک وانەیەکی سەرەکی ماوەتەوە و ھەموو وانەکانی دیکەش کراونەتە وانەی سەرەکی.''
لەبارەی گۆڕینی وانەی پەروەردەی ئیسلامییشەوە گوتی: ''دوورە لە ڕاستییەوە.''
وەڵام بدەوه