Kurdistan Press - بەسەرپەرەشتی سەرۆک بارزانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆبووەوە بەسەرپەرەشتی سەرۆک بارزانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆبووەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بەسەرپەرەشتی سەرۆک بارزانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆبووەوە

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مه‌سعود بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٩/٨/٢٠٢٤ ، کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.

کۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێک وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاکی شه‌هیدانی کوردستان سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و کاک ئیدریسی هه‌میشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێکرد، دواتر بیروڕا ئاڵۆگۆڕکرا‌ لە سەر کۆمەڵێک بابەتە هەنوکەیی و گرنگ، هەروەها بڕیاری پێویست وەرگیرا بۆ ئەو بابه‌تانەی کە پێویست بوون و، ئەم تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا:

یەکەم: تەوەری سیاسی و پەیوەندییەکانی پارتیمان:

بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی خرایە بەرباس، ڕووداوە گرنگە کاریگەرەکان لەسەر بوارە جیاجیاکانی سیاسی، سەربازی، ئابووری ناوچەکە، وەکو توخمێکی گۆڕانکاری، تێکچوونی هاوکێشەکان یاخود دروستبوونی هاوپەیمان نوێیان لێدەکەوێتەوە، عێراقیش وەکو بەشێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوی بوارەکانی ژیانی خەڵکەکەی هەیە و، پەرەسەندنی ئاڵۆزیەکانیش نیگەرانی زۆری دروستکردووە. پارتیمان بە بڕوابەخۆبوونەوە لەو نێوەندە دا، زۆر بە وریایی و وردبینی هەنگاو دەنێ بۆ پاراستنی بەژوەوەندییە باڵاکان و قەوارەی هەرێمی کوردستان، لەم ڕوانگەیەوە تەواوی پەیوەندییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانی لە خزمەتی ڕەواندنەوەی مەترسیەکان و هەوڵدانە بۆ دابینکردنی ئاسایش و دوورخستنەوەی دەرهاویشتە خراپەکانی ئەو ئاڵۆزیانەیە لە هەرێمی کوردستان.

دووەم: تەوەری حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ:

کێشە و گرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کە دەبوایە بەگوێرەی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسی و ئیدارییەکان چارەسەرکرابان، لە سەرویانەوە بابەتی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی کوردستان، کە چەندین ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێن و لە ئاکامی بەردەوامی چارەسەرنەکردن و لانەدانی ئاستەنگەکان، خەڵکی کوردستان بەگشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی تووشی نیگەرانی بوون و زیانیان پێگەیشتووە. کۆبوونەوە جەخت لە جێبەجێ کردنی دەستوور و رێککەوتنەکان دەکاتەوە و، هانی حکومەتی فیدراڵی دەدات بۆ بەخەمەوە بوونی ئەم بابەتە و چیتر ئەم بابەتە دوانەخرێت و، وەکو ئەوەی کە بریاری لەبارەوە دراوە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا ڕەوان بکرێت.

سێیەم: تەوەری پەیوەندییە ناوخۆییەکان:

کۆبوونه‌وه‌، ئارامی وەکو چەمکێکی پڕواتا و پێویستییەک بەتایبەت بۆ قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان دەزانێت، ئارامی و یەکترقبووڵکردن بە هەبوونی جیاوازیەکانیشەوە چ لە ڕووی نەتەوەیی یان ئاینیی و ئاینزایی یاخود سیاسی، هۆکارن بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن و دابینکردنی ژیانێکی خۆش و شایستە و،  تەبایی دروستدەکات و، پێکڕا و پێکەوە بەرەو ئاوەدانی هەنگاو دەنرێ، لەم کەش و هەوایەشدا خۆڕاگری لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان و پیلانی ناحەزان بەهێزتر دەبێت، بۆیە کە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی لەپێشە لە هەموو کات پێویستترە لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و دەستکەوت و مافەکانی گەلەکەمان و، پاراستنی دامودەزگا شەرعیەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستان یەک هەڵوێست و تەبابین، کەلێن دروستنەکرێت کە لێیەوە ناحەزان و دژ بە مافەکانمان سوود وەرگرن و زیان بە هەرێمی کوردستان بگات. جیاوازیەکانمان نابێ لەسەر حیسابی قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتە دەستووریەکانی و ماف و بژێوی ژیانی خەڵکی هەرێم بشکێتەوە، گەل و نیشتمان لە پێشتر و پیرۆزترن لە جیاوازیەکانمان.

چوارەم: تەوەری دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێم:

بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی، هەروەها لە ڕوانگەی ئەوەی کە ئەم دامەزراوانە لە ئاکامی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و، بەرگری و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی شەهیدان و پشتیوانی جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان بەدی هاتوون، هەروەها ئەم دامەزراوانە وەکو میکانیزمی هێشتنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانن بە یەک پارچەیی، کۆبوونەوە پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم دووپات دەکاتەوە و، پشتیوانی هەنگاوەکانیان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه