سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕەتی دەکاتەوە هاووڵاتییەکەی کەلەکچی لە ئیستانبوڵ لەسەر "ڕەگەزپەرستی" کوژرابێت و دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ڕووداوەکە بەردەوامن.
بەرەبەیانیی یەکشەممە، 01-09-2024، سێ هاووڵاتیی دانیشتووی ناحیەی کەلەکچی لە سنووری پارێزگای دهۆک؛ لەگەڵ چەند کەسێک لە بەردەم هۆتێلی زووریچی ئیستانبوڵ بەشەڕ هاتن و بەهۆیەوە یەکێکیان بە ناوی "حەکیم لوقمان" بە چەقۆ کوژرا
ئەمڕۆ دووشەممە، 02-09-2024، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕەتی کردەوە، حەکیم لوقمان لەسەر "ڕەگەزپەرستی" کوژرا بێت و دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ڕووداوەکە بەردەوامن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دوو کەس کە هاووڵاتیی پارێزگای باتمانی باکووری کوردستانن، شەڕیان لەگەڵ حەکیم لوقمان، براکەی و ئامۆزاکەیان کردووە و دواتر هەڵاتوون.
کەسوکاری حەکیم لوقمان، ڕاگەیاندبوو، "حەکیم تەنها لەبەر ئەوەی لە خواردنگەیەکی ئیستانبوڵ بە زمانی کوردی قسەی کردووە، لەلایەن چەند گەنجێکی تورکەوە هێرشی کراوەتە سەری و بە چەقۆ کوژراوە".
وەڵام بدەوه