وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا باس لە ڕێكارەكانی ڕۆژانی بانگەشەكردن بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات، كە وا بڕیارە لە ڕۆژی (10ی تشریین یەكەمی ئەمساڵ 2024) بەڕێوە بچێت و جەخت لەوە دەكاتەوە، كە هەر كاندیدێك بە چەكەوە بانگەشە بكات، ڕووبەڕووی سزای یاسایی و دارایی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە (باسنیوز)دا، ڕایگەیاند: "پلانێکی تۆکمە دادەنێن بۆ ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی بانگەشەیەکی ئارام لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەئارامی و بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت."
گوتیشی: "لیژنەی باڵای ئەمنی هەیە لە هەرێمی کوردستان کە هەموو دامەزراوە فەرمییەکانی پۆلیس و ئاسایش و زێڕەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن تێیدا ئەندامن، هەروەها کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان نوێنەری خۆیان هەیە لەنێو لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان، بۆیە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، پلانی ئەمنیی تۆکمە دادەنرێت تا لە کەشوهەوایەکی ئارام و سەقامگیردا بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی جددی دەدەین کە بنکەکانی دەنگدان لە ئارامی و سەقامگیرییەکی زۆر باشدا بن و هیچ مەترسییەک لەسەر دەنگدەران و بنکەکانی دەنگدان و ئەو هێزانەی شوێنەکان دەپارێزن، نەبێت."
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی كردەوە: "خۆشبەختانە بارودۆخی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان سەقامگیرە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگیی برا پێشمەرگەکانمان شەو و ڕۆژیان خستووەتە سەر یەک تا ئەم ئارامییەی هەرێمی کوردستان بپارێزن، دواجار خەڵکی کوردستان خۆیان حەزیان لە ئارامی و سەقامگیرییە و هاوکار و پاڵپشتن بۆ ئەوەی کەشوهەوایەکی لەبار بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان دروست بێت، هیوادارم هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەموان پابەند بن بە ڕێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین دەنگدانێکی ئاسایی بەڕێوە بچێت و دەرەنجامەکانیش لە خزمەتی پڕۆسەی سیاسی و باشترین دۆخی بەڕێوەبردنی هەرێیم كوردستاندا بێت."
رێبەر ئەحمەد ڕاشیگەیاند: "تاوەکوو ئێستا لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە دوو کۆبوونەوەی کردووە و بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی تەواوی ئەو ڕێكار و ڕێنوێنییانەی کە پێویستە هەموو لایەنەکان ڕەچاوی بکەن، بڵاو بکرێتەوە بۆ لایەنە سیاسییەکان و بۆ هەموو ئەو لیست و قەوارانەی، کە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی کوردستاندا دەكەن، بێگومان ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای ئەمنی، دەنگەریش دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی ئاگادار بن کە شێوازی چوون بۆ دەنگدان ڕێکارەکانی دەنگدان چۆنە و پارێزراو بن له هەر شتیكی ناخۆش و ناجۆر."
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد: "کاندیدی حزب و قەوارە سیاسییەکان، مافی ئەوەیان نییە بە چەکەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن و بڕۆنە ناو خەڵکەوە، چونکە هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی دیموکراسی و ئازادییه و جێگەی چەک نابێتەوە، هەر کەسێکیش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕۆژەکانی دەنگدان چەک هەڵبگرێت، پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانی هەڵگرتنی چەکە، بێگومان ئەو کەسە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە، دواجار هەڵگرتنی چەک لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا جگە لەوەی پێچەوانەی ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای ئەمنییە لە هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیشە، بۆیە هەر کاندیدێک لە کاتی بانگەشەدا بە چەکەوە بێتە ناو خەڵکەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی و سزای دارایی دەبێتەوە."
وەڵام بدەوه