لە میانی بەشداریكردنی لە دیداری مێری، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، بەتایبەتی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمان و و دووپاتی كردەوە ئەگەر پەلە نەكەین لە پێكهێنانی حكومەت زەرەر دەكەین، چونكە دۆخی ناوچەكە لە گۆڕاندایە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە بانگەشەی هەڵبژاردن و بەشداریكردنی خەڵك لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئەوە دەردەخات كە پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا بە شێوەیەكی باش و لەسەر رێچكەیەكی دروست خەریكە گەشە دەكات.
روونی كردەوە، بابەتی هەڵبژاردن بابەتێكی گرنگ بوو بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە هەڵبژاردن سەرچاوەی رەوایەتیدانە بە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و دواكەوتنی بۆ هەرێمی كوردستان زۆر خراپ بوو، هەڵبژاردن گرنگە، لەبەر ئەوەی رەوایەتیی دەسەڵات دەدات بە هەر كەسێك كە بیباتەوە، هەرێمی كوردستان و عێراقیش ئەو مۆدێلەیان هەڵبژاردووە، مەسەلەی دیموكراسییەت و دەسەڵات لە رێگەی سندووقی دەسەڵاتەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی لەوەش كردەوە كە براوەی گەورە لەم هەڵبژاردنە گەلی كوردستان و عێراق بوون، كەم نییە، نزیكەی 72٪ی خەڵك بەشدارییان لەم هەڵبژاردنەدا كرد، خۆشبەختانە دەڵێین بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر، پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستان بە شێوەیەكی باش و لەسەر رێگەیەكی دروست خەریكە گەشە دەكات.
"لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی دیموكراسیدا گەلی كوردستان سەلماندی پێویستە زیاتریشی بۆ بكرێت و سوپاس بكرێت، ئێوە تەسەوری ئەوە بكەن دوو حزبی ركابەر لە یەك كاتدا لە هەولێر بانگەشەیەكی گەورەی هەڵبژاردنیان دەكرد و هیچ كێشەیەكیش رووی نەدا، لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكان بەشێكن لەم میلەتە و لە لایەنی سیاسیی هەرێمی كوردستان، ئیتر هەڵبژاردن تێپەڕی و ناكرێت هەر لە دۆخی هەڵبژاردن بین و دژی یەكار قسە بكەین"، سەرۆكی هەرێم وای گوت.
- ئاماژەی كرد، هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەموویان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدان، 72٪ی خەڵك بەشداریی دەنگدانیان كردووە و بە هێزەكان دەڵێن، دەبێت لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا بن، بۆیە ئەگەر لە پێكهێنانی حكوومەت پەلە نەكەین زەرەر دەكەین، چونكە دۆخی ناوچەكە لە گۆڕاندایە.
وەڵام بدەوه