Kurdistan Press - کارەکان زۆر خێراکراون بۆ تەواوبوونی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر. کارەکان زۆر خێراکراون بۆ تەواوبوونی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

کارەکان زۆر خێراکراون بۆ تەواوبوونی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر.

کۆتایی ئەمساڵ دوو بەشی دیکەی شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر بەڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە

شەقامی بازنەیی ١٥٠ مەتری هەولێر بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت کە کارئاسانی تەواو بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان دەکات و دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە، لە ئێستادا دوو بەشی دیکەی پڕۆژەکە کارکردن تیایدا بەردەوامە و بۆ تەواو بوونی پرۆژەکەش ڕۆژانە ١٤ کاتژمێر و نزیکەی ٢ هەزار کارمەند و ٨٠٠ پارچە ئامێری جۆراوجۆر کاری تێدا دەکەن.

ئەندازیار ئەمیر عبدوالخالق، سەرپەرشتیاری دروستکردنی پرۆژەی شەقامی ١٥٠مەتری بازنەیی خێرای هەولێر  ڕاگەیاند: شەقامی خێرای ١٥٠ مەتری بە گشتی چێوەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و بە دەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە، ئەو بەشەی کە تەواوکراوە ١٠ کیلۆمەترە، دوو بەشەکەی دیکە کە کاری تێدا دەکرێت، یەکێکیان ٧.٦ کیلۆمەترە، ئەو بەشەی دیکەشیان ٦.١ کیلۆمەترە. واتا کۆی گشتیی ئەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیایە درێژییەکەی ٢٤ کیلۆمەترە.'' 

لەبارەی ئەو بەشەی پڕۆژەکە کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە گوتی:''ئەو بەشە لە نێوان جادەی سەرەکی دهۆک تا هەولێرە، تاوەکو ڕێگای سەرەکی هەولێر- بەحرکەیە کە درێژییەکەی ٦.١ کیلۆمەترە، بەڵام وەک ڕووبەری کارکردن وەک ڕێیەکی ٧٥ کیلۆمەتری بە پانیی ٨ مەتر وایە، لەبەر ئەوەی دوو شەقامی سەرەکی بە پانیی ١٩.٥ مەتری و دوو شەقامی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت. دوو یەکتربڕی گەورەی تێدایە، هەروەها دوو ژێر پرد و پردێکی سووڕانەوەی تێدایە و٤٣ سندووقی ئاوبەری جۆراوجۆر لەخۆی دەگرێت.'' 

سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئەندازیار ئەمیر عبدوالخالق، دەڵێت:''لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٢ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرا، ماوەکەی ٥٥٠ ڕۆژە. بەڵام وابڕیارە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی پڕۆژەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو بکرێت، لەپێناو تەواوبوونی خێرای پڕۆژەکەش ڕۆژانە ١٤ کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت، نزیکەی ٢ هەزار کارمەند و ٨٠٠ پارچە ئامێری جۆراوجۆر لە کاردان، هەروەها پڕۆژەکە گشت هێڵکارییەکانی ڕێگا و هێماکانی هاتووچۆ و پەرژینی خۆپاراستن و شۆستە و سیستەمی ئاوەڕۆ لەخۆدەگرێت.''

لەڕووی تایبەتمەندیی و گرنگیی پڕۆژەکە بۆ شاری هەولێر و تەواوی پارێزگاکە سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاماژەی دا کە ئەو بەشەی پڕۆژەکە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونکە ڕێگای سەرەکی دوو شار بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە ڕێگای سەرەکی هەولێر - دهۆک و هەولێر - سلێمانییە. 

تەواوبوونی ئەو بەشەی رێگای ١٥٠ مەتری لەڕووی بازرگانیی و ئابووریی و پیشەسازییەوە گرنگیی زۆری بۆ پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەیە و سەرپەرشیاری پڕۆژەکەش دەڵێت:''دەروازە بازرگانییە سەرەکییەکانی شار وەک هەولێر- دهۆک و هەولێر- سلێمانی و هەولێر- پیرمام کە بە ڕێگای حاجی ئۆمەرانەوە بەند دەبێت، دەبەستێتەوە. ئەم پێکەوە گرێدانی شەقامە سەرەکییەکان ئاسانکاریی دەکات بۆ ئەوەی بارهەڵگرەکان ئاسانتر جووڵە بکەن و بارگرانیی لەسەر شەقامی ١٠٠مەتری و ١٢٠ مەتری  درووست نەکەن، لە هەمان کاتدا هەموو ئەو پڕۆژانەی لەسەر ئەو شەقامەن دەبووژێنەوە و ناوچە جیاوازەکان و خزمەتگوزارییەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و هاتووچۆی هاوڵاتییان ئاسان دەکات.''

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه