بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی لەبارەی فۆڕمی بەرحەیاتی (لەژیاندامان) ئاگادار دەکرێنەوە. بەرپرسی بانکێکیش دەڵێت: "چاوەڕێی فۆڕمەکانین، تاوەکوو لەگەڵ مووچە بەسەر خانەنشینانی دابەش بکەین."
بەرپرسێکی بانکی قەڵادزێ ڕایگەیاند: "سەرجەم مووچەخۆرانی خانەنشینی شارستانی ئاگادار دەکەینەوە، کە یەکشەممە 19/1/2025 لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی لە بانکەکەمان دادەنیشێت، بە مەبەستی پڕکردنەوەی فۆڕمی بەرحەیاتی بۆ خانەنشینانی شارستانی."
ئاماژەی بەوەش دا، خانەنشینان دەبێت کارتی نیشتمانی و ناسنامەی مووچە و کۆپییەكەی لەگەڵ خۆیان بێنن.
جەختی کردەوە، لێژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی ڕاپەڕین لە ڕانیەوە دێن بۆ بانکی قەڵادزێ، بە مەبەستی بینینی ڕاستەوخۆی خانەنشینان، کە دۆسیەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی ڕاپەڕینە و مووچەکەیان لە بانکی قەڵادزێ وەردەگرن، بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی، کە ئەو خانەنشینانە لە ژیاندا ماون."
ساڵانە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی بزانێ خانەنشینان لە ژیاند ماون، فۆڕمی بەرحەیاتیی ساڵانە دەداتە خانەنشینان، کە کۆمەڵێک زانیاریی لەخۆ دەگرێت.
لای خۆیەوە، بەڵێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری بانکی سەید سادق ڕایگەیاند: "نووسراوێک لە بانکە بازرگانییەکان هاتووە، که پێویستە هەموو بانکەکان لەو مانگەدا فۆڕمی بەرحەیاتی بە خانەنشینان بدەن و لە مانگی دوودا فۆڕمەکە وەربگیرێتەوە."
ئاماژەی بەوەش دا: "بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشین سەردانیان نەکردووین و فۆڕمەکانیان بۆ نەناردووین، بۆیە چاوەڕێی فۆڕمەکانین تاوەکوو لەگەڵ مووچە بەسەر خانەنشینانی دابەش بکەین."
شیرین ئهحمهد ڕۆژبەیانی، بەڕێوەبەری یەکێک لە بانكەکانی هەولێر، کە مووچەی خانەنشینانی لێ دەدرێت، ڕایگەیاند: "فۆڕمی بەرحەیاتی بۆ ئێمه نەهاتووە، ساڵانی پێشوو لەگەڵ مووچەی مانگی یەک فۆڕمەکە دەدرایه خودی خانەنشین و نادرێته میراتگر و بریکاری خانەنشین."
ئاماژەی بەوەش دا، هەرکاتێک فۆڕمەکه گەیشت، خانەنشینان ئاگادار دەکەنەوە و لەگەڵ مووچه فۆڕمەکەیان پێ دەدرێت و دواتر بۆ بانک دەیگەڕێننەوە.
وەڵام بدەوه