بەرپرسێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، نووسراوی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی بە نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەر دەرچوو. دەشڵێت: "فەرمانبەری شارستانی و سەربازیی تێدایە و هی چەندین وەزارەتی جیاوازە."
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رایگەیاند: "ئەو لیستەی ناوی فەرمانبەران بۆ پێدانی زەوی ناردبوومان، لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی رەزامەندییەکە دەرچوو و گەڕایەوە."
ئاشکراشی کرد: "لیستهکە ناوی نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازیی تێدایە و هی چەندین وەزارەتی جیاوازە"
ئاماژەی بەوەش دا: "بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری، لیستی ناوی فەرمانبەرەكان بۆ شارەوانییەكان رەوانە دەكەین، بۆ ئەوەی زەوییان بۆ تەرخان بكرێت."
جەختی كردەوە، بەپێی هەبوونی زەوی لە شارەوانییەكان زەوی دابەش دەكرێت و ئەو پرسە لای شارەوانییەكانە. گوتیشی: "ئێمه بۆ شارەوانییەکانی دەنێرین، دابەشکردنەکەی و تەرخانکردنی کەوتووەتەوە سەر خودی شارەوانییەکان."
ڕۆژی 27ی 03ی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی روونیشی كردەوە: "ئێمەش بەبێ جیاوازی وردبینیی هەموو ئەو فۆڕمانە دەكەین، کە ڕەوانە کراون."
هەر فەرمانبەرێك، كە 8 ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.
پێشتر کارزان هادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، رایگەیاند: "لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ئێمە سێ هەزار پارچە زەویمان بەسەر فەرمانبەران دابەش كردووە، ئەوانەی دیكەش، كە رەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچووە، كاری لەسەر دەكرێت."
جەختی كردەوە، زەوی ئامادە دەكرێت، بۆ ئەوەی لە قۆناغەكانی داهاتوودا بەسەر فەرمانبەران دابەش بكرێت
وەڵام بدەوه