ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.3.16، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و عەمید ئارام برهان، بەڕێوەبەرى هاتووچۆى هەولێر و عەمیدخەسرۆ غازى، بەڕیوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا و ئارام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەرى شارەوانى یەک، سەردانى بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە لە وردەکارى نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکەى کۆڵییەوە، کە دواى سووتانى بازاڕەکە لە سەر بودجەى پارێزگاى هەولێر بە گوژمەى ( پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار) دەست بە کارەکانى نۆژەنکردنەوەى تەواوى ڕووكاری ناوەوەى بازاڕەکە و كۆڵانە سەرەكی و كۆڵانە لاوەكییەكانى بەشێوە و شێوازێکى ئەندازەیی و بەپێی ستانداردی پاراستنی شوێنە كولتوورییەكانى کراوە.
پاشان پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکان، ڕایگەیاند: "دەست خۆشى لە تیمى ئەندازەى پارێزگا و سەرۆکایەتى شارەوانى و سەرجەم لایەنەکان و سەرپەرشتیاران و بەڵێندەرانى پڕۆژەکە دەکەین بۆ ئەنجامدانى کارەکان بە رێک و پێکى و لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا.
گوتیشى: "لە دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ساڵی ڕابردوو لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر، کە زیاتر لە 210 دوکان تێیدا سووتان، ئێستا نۆژەنکردنەوەی بەشە تازەکەی بازاڕەكە کۆتایی هاتووە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و کارکردنیش بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشە کولتوورییەکەی بازاڕی قەیسەری بەردەوامە و وا بڕیارە پێش جەژنی ڕەمەزان دوکانەکان ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە کە ئەوان ژمارەیان 136 دووکانە و تا ئێستا 90%یان نۆژەن کراونەتەوە، بازاڕەکە بەتەواوەتی نۆژەن دەکرێتەوە و هەموو پێداویستییەکانی سەلامەتییشی بۆ دابین کراوە، لێرەوە پیرۆزبایی لە خاوەن دوکانەکان دەکەین ئەوانەى دوکانەکانیان ڕادەست کراوەتەوە و دەستیان بەکار و کەسابەتى خۆیان کردۆتەوە، ئەوانەشى کەئامادەباشى دەکەن بۆ دەستکردنەوە بەکارەکانیان".
پارێزگارى هەولێر هەروەها ڕایگەیاند: "سوپاس بۆ ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە هەر ڕۆژێک دوای کارەساتى سووتانى قەیسەرى، سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کرد و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەى جەنابیان بە گوژمەی ( پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار) دەست بە نۆژەنکردنەوەى بازاڕی قەیسەری کرا، جگە لە چەند بریارێکى دیکە لە پێناو ئاسانکارى بۆ کاسبکاران بە لێخۆشبوونی کرێی ساڵێک و هەروەها لێخۆشبوونیان لە پارەی تابلۆ و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، وە لێخوشبوون لە سەدا 50ـی باجى ساڵێک و لە سەدا 100 ى ساڵێکى دیکە".
ئاماژەى بەوەشدا، لەگەڵ هەموو ئەوانەش بە خەمکڵاندنى زیانەکان لەمەراسیمێکدا دەست بە دابهشكردنی هاوكاری سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرا بەسەر زیانلێکەوتوانى بازاڕەکە کە لە نێوان ( 2 تاکو 20 ملیۆن دینار ) بوو، هەر ئەو ڕۆژەش رامانگەیاند، کە گومانى ئەوە هەیە ئەوکارەساتە بەدەستى ئەنقەست ئەنجامدراوە، سوپاس بۆ خوداى گەورە بەهەوڵى هێزەکانى ناوخۆ توانرا ئەنجامدەر و بکەرانى ئەو تاوانە ئاشکرا بکرێت و دەستگیر بکرێن".
ڕاشیگەیاند: "بازاڕەکە چەند جوان بووە، بە نۆژەنکردنەوەى دەچێتە قۆناغێکى دیکە و لە ئایندەدا زۆر جوانتر و ڕێکتر دەبێت، کە پێشتر دوو نهۆم بووە، بەڵام بە تێپەڕبوونى کات نهۆمى دووەم نەماوە، ئێستا لەگەڵ نۆژەنکردنەوەى ئەو نهۆمەش نۆژەنکراوەتەوە و لە داهاتوودا بۆ بابەتى مێژووى و کلتوورى و فەرهەنگى سوودى زۆرى لێدەبێنرێت".
جێگەى بەبیرهێنانەوەیە، دواى ئەوەى لە شەوی 2024.5.5، دەستکی ڕەش و ناحەزانى ئاوەدانى و ئارامى هەولێرى پایتەخت، بۆ شێواندنى ئابوورى و بازاڕى شارى ههولێر ئاگرێکی گەورەیان لە بازاڕی قەیسەر بەردا، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان بڕیارى هاوکاریکردن و یارمەتیدانى دواکاندارانى بازاڕەکە درا، وێڕاى نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە بە گۆژمەى ( 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار ) لەسەر بودجەى پارێزگاى هەولێر، لە 2024.9.8، دەست بە دابهشكردنی هاوكاری سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرا بەسەر زیانلێکەوتوانى بازاڕەکە کە لە نێوان ( 2 تاکو 20 ملیۆن دینار ) بوو، ئەوە جگە لە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ماوەی یەك ساڵ لە پارەی ئاو و كارەبا و تابلۆ و خاشاك، هەروەها بەخشینیان لە باجی 2023 بە رێژەی 50% و لە باجی 2024 یش بە رێژەی 100% و لێخۆشبوونى یەک ساڵ لە کرێى ساڵانەى ئەو دۆکاندارانەى کە کرێچى حکومەتن.
وەڵام بدەوه