نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە حوسێن بن عەلی فەزالە كونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا فەزالە بانگهێشتنامەیەكی محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆك وەزیرانی قەتەری بۆ بەشداریكردن لە كارەكانی كۆڕبەندی دەوحەدا، گەیاندە نێچیرڤان بارزانی كە بڕیارە دیسێمبەری داهاتوو، بە چاودێریی شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر بەڕێوە بچێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ بانگهێشتەكە، ئامادەیی پێشان دا كە بەشداریی لە كۆڕبەندەكەدا بكات، هەروەها دووپاتی لە خواستی هەرێمی كوردستان بۆ برەودان بە پێوەندییەكان و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەش لەگەڵ قەتەردا كردەوە.
لای خۆیەوە كونسوڵی گشتیی قەتەر دووپاتی كردەوە كە سەركردایەتیی وڵاتەكەی، بە بایەخ و گرنگییەوە لە پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، خوازیاری ئەوەن لە هەموو بوارەكاندا ئاستی پێوەندییەكان بەرەوپێش ببەن. هەر لەمبارەیەوە هەردوولا تیشكیان خستە سەر دەرفەتی كار و وەبەرهێنانی قەتەری لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
وەڵام بدەوه