وەزارەتی دارایی، بڕیارێکی بۆ قەدەغەکردنی کارکردنی پێکەوەیی بهشێكی فەرمانبەران لە دەوامی فەرمی دەردەکات.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێك، کە لە 14ی9ی 2022دەرچووە و نووسراوەکەش بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایی نێردراوە، تیایدا جەخت لە بڕیارێک کراوەتەوە.
لە نووسراوەکەی داراییدا هاتووە: "نابێت فەرمانبەر لەگەڵ کەسی نزیکی پلە یەکی خۆی (هاوسەر، دایک، باوک، خوشک، برا، کوڕ و کچ) لە یەک فەرمانگە پێکەوە بن و پێکەوە دەوام بکەن".
ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ چەند ناونیشانێک ئاساییە ئەو کەسانە لە یەک فەرمانگەش پێکەوە بن، هاتووە: " فەرمانبەرانی خزمەتگوار (پاشەوان، پاککەرەوە، چایەچی، پۆستەبەر، باغەوان، شۆفێر) ئەگەر کەسی یەکەمیشیان لە یەک فەرمانگە بێ ئاساییە".
وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە، کە دەبێ فەرمانگەکانی وەزارتەکە ناوەڕۆکی بڕیارەکە و گشتاندنەکە جێبەجێ بکەن، ئەوەش هاتووە: " دەبێت بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایی بۆ جێبەجێکردنی ئەو گشتاندنە و نووسراوەکە، لیژنە پێک بهێنن و تا پێش کۆتایی ساڵ لە ئەنجامەکەی ئاگادارمان بکەنەوە".
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئاشکرایکرد: "ئەو بابەتە تایبەتە بە فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایی و بۆ هەموو وەزارەتەکان نییە و هۆکارەکەشی بۆ ڕێکخستنەوەی بواری کارگێڕییه".
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "لە فەرمانگەیەکی گەورەی وەزارەتی دارایی، زیاتر له 30 کەس دەوام دەکەن هاوسەری یەکترن، لە شوێنی دیكەیش خوشک و برا و خزمی دیكەی پلە یەک زۆرە، ئەوەش لە ڕووی کارگێڕیی باش نییە و کاریگەری بۆ سەر دەوام و ئیشوکارەکانمان هەیە".
ئەو بەرپرسە ئاشکراشی کرد، تاوەکوو کۆتایی ساڵ چاوەڕێی لیژنەکان دەکەن و بڕیاری خۆیان دەدەن.
وەڵام بدەوه