Kurdistan Press - ھەواڵێکی خۆش بۆ قوتابیانی زانکۆ ھەواڵێکی خۆش بۆ قوتابیانی زانکۆ | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ھەواڵێکی خۆش بۆ قوتابیانی زانکۆ

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سبەینێوە بۆ ماوەی 10 رۆژ سیستمی زانکۆ لاین بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکان کارا دەکرێت، داواشیانکردووە دەرماڵەی قوتابیان بکرێتە یاسایی و بڕی پارەکەی زیاد بکرێت.

ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە (17ی ئەیلوولی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گووتی "لە سبەینێوە سیستەمی زانکۆ لاین بۆ وەرگرتنی قوتابیانی دەرچووی 12ی ئامادەیی، لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کارا دەکرێت".

سیستمەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ کارا دەبێت و وەزیری خوێندنی باڵا داوادەکات، قوتابیان سەردانی سەنتەرەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆ لاین لە زانکۆکان و ئەو شوێنە فەرمیانە بکەن، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا دیاریدەکات.

باسی لەوەشکرد، کە لە سەدا 100ی ئەو قوتابیانەی لە رێگەی زانکۆ لاینەوە فۆرم بۆ چوونە زانکۆ و پەیمانگاکان پڕدەکەنەوە، لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن.

لەبارەی دەرماڵەی قوتابیانەوە، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی "پرۆژەیەکی یاساییمان ئامادەکردووە و ناردوومانە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆئەوەی پرسی دەرماڵە بکرێتە یاسایی و جێگیر بێت و ساڵێکی خوێندنی ئارام بەڕێ بکەین، لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ پرسی دەرماڵە دەنگێک نییە دژی خەرجکردنی بێت، بۆیە پێشبینی دەکەم جێگیر بکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، کە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا داوایانکردووە، دەرماڵەی قوتابیانی ناو شارەکان بکرێتە 100 هەزار دینار و ئەوانەش کە لە دەرەوەی شارەکانن بکرێتە 150 هەزار دینار.

خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەشكراوە، قۆناغەکانی بنەڕەتی (1 بۆ 9) و ئامادەیی (10 بۆ 12) لە چوارچێوەی وەزارەتی پەروەردەدا، قوتابیان وانەکانیان دەخوێنن و لە کۆتایی قۆناغی 12 دا پێش چوونە زانکۆ، قوتابیان بەشداری تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتییەکان دەکەن و دواتر لە رێگەی سیستەمی زانکۆ لاینەوە، بەگوێرەی نمرە و خواست، قوتابیان لە بەش و کۆلێژە جیاوازەکانی زانکۆکاندا وەردەگیرێن، کە دەچێتە چوارچێوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە.

لە هەرێمى کوردستان تا ئێستا 14 زانکۆى حکومى هەیە، کە دابەشبوون بەسەر شارەکانى هەرێمی کوردستان، هاوکات زیاتر لە 18 زانکۆ یان لقی زانکۆیی تایبەت لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا کراونەتەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه