Kurdistan Press - پەیامێک لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەیامێک لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

پەیامێک لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆچى دوایى سیاسەتمەدارى گەلەکەمان (کەریم شنگالى) ڕادەگەیەنێت.

بەخەم و پەژارەیەکى زۆرەوە هەواڵى کۆچى دواییى کەسایەتى تێکۆشەر و سیاسەتمەدارى دیارى گەلەکەمان (عەبدولکەریم سوڵتان عەبدوڵا) ناسراو بە (کەریم شنگالى) ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیاسىیى پارتیمان ڕادەگەیەنین، کە دواى ململانێکى زۆر لەگەڵ نەخۆشى بەداخەوە ئەمڕۆ سێ شەممە ١٠ى حوزەیرانى ٢٠٢٥ کۆچى دواییکرد.

هەڤاڵ (کەریم شنگالى) لە ساڵى (١٩٥٠) لە شارى موسڵ لە دایکبووە، لە تەمەنى ١٨ ساڵى و لە تافى لاوێتیدا پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتیمانەوە دەکات و بە ماوەیەکى کەم و لە ساڵى (١٩٦٩) بەهۆى توانا و دڵسۆزییەوە پلەى ئەندامى لیژنە ناوچەى لە لقى پێنجى پارتیمان لە بەغدا پێدەدرێت، لە ساڵى (١٩٧١) بڕوانامەى بە کالۆریۆس لە یاسا لە زانکۆى بەغدا بەدەست دێنێت و بۆ ماوەى ٢ ساڵ کارى پارێزەرى دەکات و پاشان لە ساڵى (١٩٧٣) پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى کوردستانەوە دەکات و، لە ساڵى (١٩٧٥) لە دواى نسکۆى شۆڕشى مەزنى ئەیلول ژیانى ئاوارەیى هەڵدەبژێرێت و ڕوولە وڵاتى ئێران دەکات و بەهۆى لێهاتوییەوە ئەرکى ئەندامى لیژنەى سەرپەرشتى ئاوارەکانى لە وڵاتى ئێران پێ دەسپێردرێت.

یاساناس و سیاسەتمەدارى گەلەکەمان خوالێخۆشبوو (کەریم شنگالى) لەساڵى (١٩٧٦) دەبێتە ئەندامى سەرکردایەتى لە شۆرشى گوڵان و بەشدارى چالاکیەکانى هێزى پێشمەرگە دەکات، دواتر لە ساڵى (١٩٧٩) ئەندامى لیژنەى ئامادەکارى کۆنگرەى نۆیەمى پارتیمان بووە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لەساڵى (١٩٩٣) لە کۆنگرەى یانزەیەمى پارتیماندا بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندی هەڵدەبژێردرێت و لە کۆنگرەى دوانزەیەمیشدا لە ساڵى (١٩٩٩) جارێکى دیکە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەڵدەبژێردرێتەوە و لە کۆنگرەى سیانزەیەمى پارتیماندا لە ساڵى (٢٠١٠) بە ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و دواتریش ئەندامى مەکتەبى سیاسى هەڵدەبژێردرێت و لە ئەرک و کارى پارتایەتى بەردەوامدەبێت تا لە کۆنگرەى چواردەمى پارتیمان لە ساڵى (٢٠٢٢) داواى بەخشین لە جەنابى سەرۆک و کۆنگرە دەکات و بەهۆى نەخۆشى خۆى بۆ ئەندامى کومیتەى ناوەندى پارتیمان هەڵنابژێرێتەوە.

هەڤاڵ(کەریم شنگالى) تەمەنێكی پڕاوپری لە خەبات و كۆڵنەدانى سەرراست و خۆنەویستانە بەسەربرد، هەمیشە نموونەی دڵسۆزی و كەسایەتی پاك و لەخۆبردوو بوو، كادیرێكی سیاسی قاڵبووی نێو گۆڕەپانی خەبات و تێكۆشانی حزبی و سیاسی بوو، هەربۆیەش لە لایەن سەرۆک بارزانى و لە نێو هەڤاڵانى جێگاى متمانە و  مایەی رێز و خۆشەویستی زۆر بوو.

هەڤاڵى کۆچکردوومان بەدرێژایی تەمەنی پڕ بەخششی خەباتى جیا لە بەرپرسیاریتی حزبى چەندین بەرپرسیاریەتی و ئەركی سەخت و قورسی سیاسی و سەربازی و ئیداری دیكەی پێسپێردراوە و لە کابینەکانى چوارەم و پێنجەم و شەشەم و حەوتەم و هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەزیرى ناخۆ بووە و دوا وێزگەى کار و خزمەتیشى ڕاوێژکارى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بوو، کە هەرگیز درێغی نەكردووە لە بەئەنجام گەیاندنی گشت ئەو ئەركانەى.

لە كۆچی دوایی هەڤاڵ (کەریم شنگالى) بە ناوی مەكتەبی سیاسی و کۆمیتەى ناوەندیى پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سەرەخۆشی لە جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى و خۆمان و لە خانەوادە و، لە كەسوكار و تێكۆشەران و هاوخەبات و هاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو و، گشت ئۆرگانەكانی پارتیمان و یەكەیەكەی كادیر و ئەندامانی پارتیمان و خەڵكی كوردستان دەكەین.

ئاسوودەیی بۆ روحی پاكی دەخوازین و دواکارین لە خوای گەورە هەڤاڵ و سەركردە و سیاستەمەدارى گەلەکەمان (کەریم شنگالى)بخاتە بەر رەحمەت و دلۆڤانی خۆی و بە بەھەشتی بەرینی شاد بکات.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی هەڤاڵ و هاوکارى تێكۆشەرمان (کەریم شنگالى)، رێگا و ڕێبازى هەمیشە پڕ رێبوار بێ...

انالله وانا الیه راجعون

مەكتەبی سیاسیى

 پارتی دیموكراتی كوردستان

١٠ى حوزەیرانى ٢٠٢٥

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه