Kurdistan Press - دوو شاند لە بەغداوە سەردانی هەولێر دەکەن بۆ پرسی مووچە دوو شاند لە بەغداوە سەردانی هەولێر دەکەن بۆ پرسی مووچە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

دوو شاند لە بەغداوە سەردانی هەولێر دەکەن بۆ پرسی مووچە

بڕیارە دوو شاندی حکومەتی فیدراڵی بە جیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەبارەی پرسی مووچە داونوستاندن دەکەن و راپۆرتی هاوبەش لەبارەی کرۆکی کێشەکانی بەردەم ناردنی شایستەی دارایی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادە دەکەن.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان پرێس لە سەرچاوەیەکی باڵاوە دەستی کەوتوون، ئەو شاندەی بڕیارە ئەمشەو پێنجشەممە، 26ی حوزەیرانی 2025، بگاتە هەرێمی کوردستان، شاندێکی تەکنیکییە و لە چەند لایەنێکی پەیوەندیداری وەزارەتی دارایی، نەوت و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی پێکدێت.

ئەو شاندە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێک دەکەن کە پەیوەندیدارن بە مووچە و بەربەستەکانی بەردەم ناردنی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.

رۆژی 28ی ئایاری 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بە پاساوى تێپەڕاندنی پشکەکەی لە یاسای بودجەدا.

شاندە تەکنیکییەکە گفتوگۆ لەبارەی شێوازی هەژمارکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵ لەو داهاتە نانەوتییە دەکات کە هەرێمی کوردستان مانگانە رادەستی بەغداى دەکات. نوێنەرانی وەزارەتی نەوتیش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تاوتوێی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مەرجی کۆمپانیاکان بۆ ئەو هەناردەکردنەوەیە دەکەن. 

لە 25ی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانیی تورکیاوە راگیراوە. هەمواری یاسای بودجە لە 17ی شوباتی ئەمساڵ چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندە تەکنیکییەکە راپۆرتێک لەبارەی وردەکاریی ئەو کێشانە و وەڵامی هەرێمی کوردستان لەسەر تێبینییەکان ئامادە دەکات و دەیداتە شاندێکی دیکە، کە بڕیارە نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو سەردانی هەولێر بکات. 

شاندەکەی دیکە بڕیارە رۆژی دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، کە شاندێکی باڵایە و نوێنەرانی وەزارەتی نەوت، دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵیی تێدایە، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای راپۆرتی لیژنە تەکنیکییەکە، گفتوگۆ لەبارەی کێشەکان و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان بکەن.

رۆژی پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بە ئەگەرێکی زۆر ئەمشەو یان سبەی شاندێکی باڵای حکومەتی فیدراڵ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەبارەی پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه