Kurdistan Press - لەبارەی ڕێکەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا زانیاری گەیشت لەبارەی ڕێکەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا زانیاری گەیشت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

لەبارەی ڕێکەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا زانیاری گەیشت

ماوەی دوو ڕۆژە شاندی بڕیاربەدەستی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە، ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بوون لەگەڵ وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی و کۆمپانیای سۆمۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەتی عێراق.

بەهۆی پابەند نەبوونی حکومەتی عێراق بە ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ماوەی دوو مانگە بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی وەکو مووچە بۆ کوردستان نەناردووە، هەوڵەکانیش بۆ ڕێککەوتن بەردەوامن و شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە.

شاندی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆبوونەوەیەکی دیکەیان کردووە، سبەی دووشەممەش کۆبوونەوەی زیاتریان دەبێت. تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەکان زیاتر پەیوەست بوون بە هەناردەکردنەوەی نەوت. نوێنەری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لە کۆبوونەوەکان بەشدارە.

 کۆبوونەوەکان بە نهێنی و دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەدەچن، تەنانەت لە هەردوولا تاوەکو ئێستا هیچ قسەیەکیان بە فەرمی بۆ میدیاکان نەکردووە، بەڵام ئاڤا زانیاری تایبەتی لە پێنج سەرچاوەی جیاواز دەستکەوتووە.

ئەمڕۆ لە گفتوگۆکان بەرەوپشێچوونی باش هەبووە، بڕیارە سبەی دووشەممە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت یەکلایی بکرێتەوە ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە، تەنها ڕێککەوتنەکە واژۆ کردنی دەمێنێت.

وردەکاری ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر بەم شێوەیەیە:

یەکەم: 
هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا لەژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق. هەردوولا نزیکن بگەنە ڕێککەوتن، ڕێککەوتنەکە چۆنە؟

هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشێت. جگە لەمە ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت حکومەتی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ تەرخانی دەکات. هەروەها وەک کرێ لە بەرامبەر هەر بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار بە کۆمپانیاکان دەدرێت، مانگانە بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوت دەکاتە 192 ملیۆن دۆلار.

دووەم: داهاتی ناوخۆ خاڵێکە ناکۆکی لەسەرە، حکومەتی عێراق داوای 50%ـی کۆی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات بە نەوتی و نانەوتی و باج و گومرگ و هەموو شتێک، بەمەش دەبێت مانگانە حکومەتی کوردستان زیاتر لە 100 ملیار دینار بداتە بەغدا، بەڵام حکومەتی کوردستان داوا دەکات تەواوی شایستە داراییەکانی بەپێی یاسای بودجە بۆ بنێردرێت، واتا مووچە و بودجەی پەرەپێدان و بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پارێزگاکان، کە بەپێی یاسای بودجە ساڵانە دەکاتە 14 تریلیۆن و 800 ملیار دینار، تەنها پارەی مووچە 13 تریلیۆن و 434 ملیار دینارە.

سێیەم: مووچە، حکومەتی کوردستان دەیەوێت ئیتر ئەم کێشەیە بەیەکجاری چارەسەر بکرێت، بەتایبەت کە وەزارەتی دارایی کوردستان هەموو بیانووەکانی وەزارەتی دارایی عێراقی بڕیوە.

وەزارەتی دارایی عێراق هیچ کێشەی لەگەڵ لیستی مووچە و بابەتی تەوتین و یوپی ئێن و بابەتەکانی دیکە نەماوە.

لەلایەکی دیکەوە: بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان ڕایگەیاند: ئەگەر ڕێککەوتن کرا، ڕاستەوخۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی پێنج دەدات.

سەرچاوەیەکی دیکە هەر لە وەزارەتی دارایی کوردستان ڕایگەیاند: تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکمان بەدەست نەگەیشتووە کەی پارەی مووچەی مانگی پێنج دەنێردرێت، ئاگاداریش نەکراوینەتەوە دەست بە وردبینی کرابێت، چونکە ئەگەر دەست بە وردبینی بکەن دەبێت تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی کوردستان بچێتەوە بەغدا.

وردبینیکردن لە لیستی مووچەی هەر مانگێک چوار ڕۆژی پێویستە، ئەگەر بڕیاری ناردنی پارە بدرێت، پێویستە وردبینی تەواو بێت ئینجا پارە دەنێردرێت.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه