Kurdistan Press - هەواڵى خۆش لە بارەى ڕێکەوتنى هەولێر و بەغدا هەیە هەواڵى خۆش لە بارەى ڕێکەوتنى هەولێر و بەغدا هەیە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

هەواڵى خۆش لە بارەى ڕێکەوتنى هەولێر و بەغدا هەیە

حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق نزیکن لە ڕێککەوتن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچە. حکومەتی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت و ڕادەستکردنی 50%ی داهاتی ناوخۆ داوە، لە بەرامبەردا داوا دەکات تەواوی شایستە داراییەکانی بەپێی یاسای بودجە پێبدرێت. بەغداش وەک هەنگاوی یەکەم بەڵێنی داوە مووچەی مانگی پێنج لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بنێرێت.

دوای زیاتر لە دوو ساڵ مشتومڕ و کێشمەکێش لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت و کێشەی مووچەی خەڵکی کوردستان، هەفتەیەکە  هەردوو حکومەتی عێراق و کوردستان بەچڕی دەستیان بە دانوستان کردووە و خواستێکی جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەردوولا ڕێککەوتنی سەرەتاییان کردووە و تەنیا واژۆکردن و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی کۆتایی ماوە.

لە ڕابردوودا ناکۆکی هەردوو حکومەت لەسەر چەند پرسێک بوو؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کە لە مانگی سێی ساڵی 2023 وەستاوە و تاوەکو ئێستا بەهۆیەوە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیانی هەبووە. کێشەی مووچە و بودجە، نەناردنی پارە و شایستە داراییەکان لەکاتی خۆیدا بەپێی یاسای بودجە، تەوتین و کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچە، ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتیش بە خاڵی دەستپێکی چارەسەرکردنی کێشەکان دادەنرێت.

دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوە لە هەولێر و گەڕانەوەی شاندی حکومەتی عێراق بۆ بەغدا، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شاندێکی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان لە بەغدایە، ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق کردووە و لە کۆبوونەوەش بەردەوامن.

کۆبوونەوەکانی بەغدا زیاتر لەبارەی نەوتن و نوێنەری کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) بەشدارە و کۆبوونەوەکان سێقۆڵی دەکرێن. بەپێی زانیارییەکان ڕێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە، کۆبوونەوەی دیکەی سسێ قۆڵیش دەکرێن لە ڕۆژانی داهاتوودا بەمەبەستی واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی.
 
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیار و هەماهەنگە تاوەکو بەزووترین کات دەست بەو پڕۆسەیە بکرێتەوە، تەنانەت ئامادەیە لە بەشێک لە مافەکانی خۆیشی خۆشبێت لەپێناو دابینکردنی شایستەی دارایی هاووڵاتییان و فەرمانبەران، بەڵام ئێستا کێشە لەنێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانە، تەنانەت حکومەتی کوردستان فشار دەکات زوو ڕێککەوتن بکرێت. 


ڕێککەوتنەکە بەمشێوەیە: هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکە 300 هەزار بەرمیل هەزار بەرمیل لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشێت، نزیکەی 100 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستیی ناوخۆی کوردستان دابین دەکرێت، ئەمەش بۆ دابینکردنی بەنزین و گاز و بابەتەکانی دیکە. 

ناکۆکی کۆمپانیاکان و حکومەتی عێراق لەسەر چییە؟ 

تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کوردستان یەکێکە لە گرفتەکان؛ حکومەتی عێراق دەڵێت، تاوەکو دوو بۆ سێ مانگ 16 دۆلار بە کۆمپانیاکان دەدات لەبەرامبەر دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت، دواتر کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری ڕادەسپێرێت خەمڵاندن بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کوردستان بکات، دواتر نرخ بەپێی کێڵگە نەوتییەکان بگۆڕێت نەوەک هەمووی وەکو یەک بێت.

چارەنووسی گرێبەستەکانی نەوت و ئەو بیرانەی لە داهاتوو لێ دەدرێن، کێ پارەکەی دەدات ئەوەش خاڵی ناکۆکە، لەگەڵ قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت کە نزیکەی ملیارێک دۆلارە کام لایەن،  حکومەتی کوردستان یان حکومەتی عێراق بیداتەوە؟

هەولێر و بەغدا لەسەر چی ڕێککەوتوون؟

داهاتی ناوخۆ: لەبارەی داهاتی ناوخۆ حکومەتی کوردستان ڕازی بووە 50%ی داهاتی فیدراڵی بداتە حکومەتی عێراق و مانگانەش زیاتر لە 100 ملیار دینار دەکات.

بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی کوردستان ڕایگەیاند ؛ ڕادەستکردنی  50%ی داهاتی ناوخۆ پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانە  و لە دەسەڵاتی ئەوان نییە وەک وەزارەتی دارایی، هەر بڕیارێک بدرێت ئەوان کاری لەسەر دەکەن.


تەوتین و لیستی مووچە: لەبارەی لیستی مووچە و تەوتین و کێشە تەکنیکییەکان، ئەمانە هیچ کێشەیەکان نەماوە، وەزارەتی دارایی عێراق لاری نییە و پڕۆژەی هەژماری منی لەجیاتی تەوتین قبووڵ کردووە.

بەپێی دوایین ئامار کە تیمی هەژماری من ڕایگەیاندووە ، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 800 هەزار مووچەخۆر لە هەژماری من تۆمارکراون کە دەکاتە 80% مووچەخۆران، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆران تۆمار بکرێن، ئەوانەی ماون زۆربەیان لە سلێمانیش و لەوێش پڕۆسەکە خێرا کراوە.

چارەنووسی مووچە؛ کەی پارە دەنێردرێت؟

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارەی مووچەی مانگی پێنج بنێرێت. ئەمە تەنیا بەڵێنە و بڕیار نییە، بەدروستیش نازانرێت چ ڕۆژێک پارە دەنێردرێت، چونکە بەڵێنەکانی بەغدا سەدا سەد نین،لە ڕابردوودا چەندجارێک بەڵێنیان داوە و جێبەجێیان نەکردووە".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی کوردستان، لەمیانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکانی هەولێر و بەغداد ئەرێنین و گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەین بە ڕێککەوتن و کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت.

جەختیش دەکاتەوە هەرێمی کوردستان لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکات بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هاووڵاتیانی کوردستان.

ئەمڕۆ لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی عێراق کۆتاییهات، هاوکات دەستەی خانەنشینیانی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێککارەکانی دابەشکردنی مەعاشی مانگی حەوتی خانەنشینانیان تەواو کردووە، بانکەکانیان ڕاسپاردووە لە سبەیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینان بکرێت.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه