حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کەمدەرامەتان و کرێنشینان دابەش دەکات و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش ئاشکرای کرد کە لەماوەیەکی نزیکدا ناوەکان رادەگەیەندرێت و یەکەکان بەسەر کەمەرامەتان و کرێنشینان دابەش دەکرێ.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و سەرجەم جێگری بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت بۆ نیشتەجێبوون، ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری کرێنشینان ئامادەبوون و تیایدا گفتوگۆکرا دەربارەی دواھەنگاوەکانی جیاکردنەوەی ناوی ئەو هاوڵاتییانەی کە فۆڕمی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان پڕکردووەتەوە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند: "دوابەدوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی جیاکردنەوەی ناوەکان بەشێوەیەکی شەفاف و بە ئامادەبوونی نوێنەری کرێنشینان لەماوەیەکی نزیکدا ناوەکان رادەگەیەندرێت و یەکەکان بەسەر کەمەرامەتان و کرێنشینان دابەشدەکرێن."
بەپێی راگەیاندراوەکە رۆژی 8ی ئابی 2023، لە رێوڕەسمێکدا پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبون و کاراکردنی فۆڕمەکەی بەشێوەی ئۆنلاین، بۆ ھاووڵاتیانی کەمدەرامەت راگەیاندرا و لەماوەی کارابوونی فۆڕمەکە زیاتر لە 25 هەزار خێزان فۆڕمی یەکەکانی کرێنشینان و کەمدەرامەتانیان پڕکردەوە.
وەڵام بدەوه