پارێزگای هەولێر لەراگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/7/2025، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە بڕینی سهرپێچی و زێدهڕۆییهكانی سهرتۆڕی ئاو و پاراستنى ژینگەى و پاک و خاوێنى شەقام و شوێنە گشتییەکانى شار بەرێوەچوو."
ئاماژەشی بەوە دا: "لە کۆبوونەوەکەدا، به پێویست زانرا هاووڵاتیان هاوكار و ههماههنگبن له بهفیڕۆنهدانی ئاو و ئهنجام نهدانی زێدەڕۆیی و سهرپێچی لهسهر تۆرهكانی ئاوی خواردنهوه، کە سامانێکى نیشتیمانییە و سەرچاوەکانى موڵکى گشتین و بەڕێوەبردن و پاراستنى ئەرکێکى ئەخلاقى، ئاینى، نیشتیمانی هەموو لایەکە و هەمووان بەرپرسن لە بەرامبەریدا، لهوبارهیهشهوه پارێزگاری ههولێر، بۆ ڕێگرتن لە بەردەوامى خراپ بەکارهێنانى سەرچاوەکانى ئاوى پاکى ماڵان و بە فیڕۆدانى لەلایەن هاوڵاتییان لە (گەڕەک، کۆڵان، شەقام، شوشتنگەى ئۆتۆمبێل، چێشتخانە و هوتێل و شوێنە گشتییەکان و نەبەستانى تەوافەى تانکى ماڵان لەلایەن هاووڵاتیان) سەرجەم لایهنه پهیوهندیدارهكانی ڕاسپارد جگە لە هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتیان، بەردەوام بن لەسەر بڕینی سهرپێچی و زێدهڕۆییهكانی سهرتۆڕی ئاوى پاک و بەتوندیش ئیجرائات بکەن لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانەى ئاوى پاک بەفیڕۆ دەدەن."
ئەوەش خراوەتە روو: "پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە پاککڕاگرتنى سەنتەرى شار و شوێنەگشتییەکان لە زبڵ و خاشاک و پاراستنى ژینگەى شارى هەولێر، تیشکى خستەسەر ئەوەى، دواى ئیجرائات وەرگرتن لە ماوەى ڕابردوو لەوانەى کە بەشێک بوون لە پیس بوونى ژینگەى شارى هەولێر، وەک پاڵاوگەکان، مۆلیدە ئەهلیەکان، ئەو ئۆتۆمبێلانهی كه دووكهڵیان دەکرد و زیانیان به ژینگهى شارى هەولێر دهگهیاند، تاڕادەیەکى زۆر باش توانرا ژینگەى شار بە جۆرێکى تر بێت، بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە تەئکید کردنەوە لە بەردەوامیدان بەو هەڵمەتە، داواشى لە هاوڵاتییان کرد هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و هاوکاربن بۆ پاک ڕاگرتنى ژینگەى شار، جەختیشى لەلایەن پەیوەندیدارەکان کردەوە بەردەوام بن لە جێبەجێکردنى هەموو ئەو ڕیکار و ڕێوشوێنانەى کە لە ماوەى ڕابردوودا دەرهەق بە سەرپێچى کاران گیراوەتەبەر، دووپاتیشى لە توندکردنى بە دواداچوون و گرتنەبەرى ڕێوشوێنەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "هەوڵەکانتان چڕتربکەنەوە بۆ گرتنەبەرى ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانەى پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەکانی پاکڕاگرتنى ژینگە نابن و پاشماوەی خانووە ڕوخاوو و زبڵ و خاشاک لە شەقەمان و شوێنە گشتییەکان فڕێدەدەن و سیمای جوانى شار دەشێوێنن."
روونیش کراوەتەوە: "لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، تیشکى خستەسەر ئەو پلان و بەرنامە ڕێژیی و پڕۆژانەى کە لە ساڵانى ڕابردوودا بە پاڵپشتی و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنى گرفتى ئاو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون و توانراوە بە هۆیانەوە قۆناغى زۆر باش ببڕین و گرفتەکانى چارەسەر بکرێت، لەو بارەیەشەوە وێڕاى دەستخۆشى لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونیان، بە ناوى پارێزگا و دانیشتوانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، سوپاسى مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ ڕەزامەندبوونیان لەسەر تەواوى ئەو پڕۆژانەى کە پێشکەش کراون و ڕەزامەندیان لە سەر دراوە."
جەختیش کراوەتەوە: "لە کۆتاییشدا، پارێزگارى هەولێر دواى بەدوا داچوونى بۆ کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و بەستنەوەی پڕۆژەی خێرای ئاوی هەولێر بە تۆڕە ناوخۆییەکانى ناوشار و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، کە لە ئێستادا کارەکانى پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لە قۆناغى کۆتایی دایە و کارەکانى بەستنەوەی پڕۆژەکەش بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناوشارى هەولێر لە تەواو بووندایە و لە ماوەى چەند ڕۆژى داهاتوو هێڵى یەکەمى ئەو پڕۆژەیە دەکەوێتەکار و بەشێک لەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە نێوان شەقامی ڕەشکین و تاوەکو شەقامی کۆیە لە دەرەوەى شەقامى خێراى 120 مەترى بەهۆییەوە ئاو دەگاتە گەڕەکەکانیان و کێشەی ئاویان نامێنێت و پڕۆژەى ئاوى قوشتەپەش کە لە ئێستادا ڕێژەیەکى زۆر باش لە کارەکانى کۆتایی هاتووە و بڕیارە لە مانگى 11ى ئەمساڵ بە کۆتابێت، خۆشحاڵيی خۆی بەگەیشتنى پڕۆژەکان بەو قۆناغە نیشاندا."
جێگەى باسە، هەریەک لە جێگرانى پارێزگار، قائیمقامى ناوەندى هەولێر، بەرێوەبەرى گشتیى گەشت و گۆزار، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستيى، سەرۆکى شارەوانى، بەرێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان، بەرێوەبەرانى (هاتوچۆ، ئاوى هەولێر، ئاوى دەوروبەر، فەرمانگەى ژینگەپارێزى، ژینگەى هەولێر، قەیرانەکانى پارێزگا، سەرۆکى ڕێکخراوى ئاڤیارى ژینگەیی و چەند لایەنێکى دیکەى پەیوەندیدار) ئامادەیی کۆبوونەوەکە بوون.
وەڵام بدەوه