Kurdistan Press - بەغدا بڕیاری دەستكاریكردنی یەكە ئیدارییەكانی قەرەتەپە و جەبارە و كۆكزی دەرکرد بەغدا بڕیاری دەستكاریكردنی یەكە ئیدارییەكانی قەرەتەپە و جەبارە و كۆكزی دەرکرد | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بەغدا بڕیاری دەستكاریكردنی یەكە ئیدارییەكانی قەرەتەپە و جەبارە و كۆكزی دەرکرد

حكوومەتەكەی بەغدا بێ گەڕانەوە بۆ دەستوور و بێ گوێدانە هەستیاریی ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بڕیاری دەستكاریكردنی یەكە ئیدارییەكانی قەرەتەپە و جەبارە و كۆكزی داوە، ئەندامێكی كوردی پەرلەمانیش دەڵێت: دەبێت سەرۆك كۆمار ئەو كارە مەترسیدارە رابگرێت.

لە كاتێكدا كورد لە عێراق سەرقاڵ كراوە بەبابەتی مووچەوە و زۆرینەی وزەی هێزە سیاسییەكان بۆ مووچە و شایستە داراییەكان تەرخان كراوە، حكوومەتەكەی بەغدا بێ گەڕانەوە بۆ دەستوور و بێ گوێدانە هەستیاریی ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بڕیاری دەستكاریكردنی یەكە ئیدارییەكانی قەرەتەپە و جەبارە و كۆكزی داوە، كوردیش لە ناوخۆیدا هیچ قەسەیەكی رژدی لەمبارەوە نییە.

بڕیارەكەی وەزارەتی پلادانانی عێراق كە بە واژووی محەمەد تەمیمی وەزیر و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقە، كە كەسێكی شۆڤێنیی عەرەبی باشووری كەركووكە، كە بەردەوام دوای ساڵی 2005 دژ بە كورد لە كەركووك بەتایبەتی و لە عێراق بەگشتی كاری كردووە.

ئەو وەزیرە قەرەتەپەی لە شارەدێوە كردووە بە مەركەزی شارۆچكە و هەردوو شارەدێی جەبارە و كۆكزیشی خستووەتەسەر، وەزارەتەكە هۆكاریی بڕیارەكەی بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە، گوایە ئەم سێ شارەدێیە سەربە هیچ شارۆچكەیەك نەبوون، بۆیە پێویست بوو مەركەزێكی شارۆچكەیان بۆ دروست بكرێت.

پاساوێكی تری وەزارەتەكە ئەوەیە، گوایە بڕیارەكە رۆڵی دەبێت لە سوودوەرگرتن لە تواناكانی ناوچەكە و هەروەها فەراهەمكردنی هەلی كار و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر بە هاووڵاتییان و جووڵەی ئاوەدانی و بنیاتنانەوە، ئەمانەش تەنیا پاساون و بەدڵنیاییەوە مەرامی سیاسی  لە پشت ئەنجامدانی ئەو گۆڕانكارییەوە هەیە، بەمەبەستی زیانگەیاندنە بە كورد لەو ناوچانە بەو پێیەی زۆرینە كوردن و كێشەی ناوخۆی لەسەرن.

بەگەڕانەوە بۆ دەستوور و بەپێی مادەی 140 ناوچە جێناكۆكەكان لە عێراق، ئەو ناوچانەن كە مادەی 140 دەیانگرێتەوە و پێشتر تەعریبیان تێدا كراوە لە سەردەمی رژێمی بەعس، سنوورەكانیان لە ماوەی نێوان 17ی تەمووزی 1968 تا نۆی نیسانی 2003 گۆڕانكاریی تێدا كراوە بەمەبەستی كەمكردنەوەی رێژەی كورد تێیاندا.

 ناوچەكان دەكەونە ناو چوار پارێزگاوە، ئەوانیش پارێزگای كەركووك كە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سنووری پێش ساڵی 1968، كە ئەوكات شارۆچكەی چەمچەماڵ و كەلار و خورماتوو و شارۆچكەی كفری لەسەر بوو، ئەمە چجای پارێزگای هەولێر كە مەخمووری لەسەر بوو و ساڵی 1991 لەلایەن رژێمی بەعسەوە لێی دابڕێنرا، هەروەها پارێزگای نەینەوا كە هەرێمی كوردستان داوا دەكات، چەند ناوچەیەكی بگەڕێتەوە سەر كوردستان لە دەشتی نەینەوا كە شارۆچكەكانی شێخان و حەمدانییە و تەلكێف دەگرێتەوە، لەگەڵ شنگال و شارەدێی زوماری سەربە شارۆچكەی تەلەعفەر و شارەدێی قەحتانییەی سەربە شارۆچكەی بەعاج.

لە پارێزگای دیالەش ناوچە دابڕێنراوەكان، شارۆچكەی خانەقین لەخۆ دەگرێت، كە خەڵكی كوردستان داوای گەڕانەوەیان دەكەن بۆ سەر هەرێم، لە پاڵ شارەدێی مەندەلی كە بەمدواییانە لە شارەدێوە كراوە بە شارۆچكەی سەربە بەلەدرووز و شارەدێی جەلەولا دەستكاری كراوە.
 
لەمبارەیەوە كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند: هەوڵی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ بە شارۆچكەكردنی شارەدێی  قەرەتەپە و خستنەسەری جەبارە و كۆكس و كوڵەجۆ، پێچەوانەی مادەی (140)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، كە ئەو ناوچانە مادەكە دەیانگرێتەوە و نابێت بەهیچ شێوەیەك دەستكاری سنووری جیۆگرافی و ئیدارییان بكرێت، تا ئەوكاتەی مادەی (140)ی دەستوور بەتەواوەتی جێبەجێ دەكرێ.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان گوتیشی: ئەگەر حكوومەتی فیدراڵ ئەم بڕیارە بە دەستووری دەزانێت، ئەوە لە بەرانبەردا گەڕانەوەی قەزاكانی كەلار و كفری و چەمچەماڵ بۆ سەر پارێزگای كەركووكیش بڕیارێكی دەستوورییە، كە كاتی خۆی رژێمی بەعس لە چوارچێوەی پرۆسەی ستەمكارانەی تەعریبدا دایبڕاندن لە كەركووك.

یاروەیس ئەوەشی خستەڕوو: داوا لە سەرۆك وەزیران سوودانی دەكەین، ئەم بڕیارە نادەستوورییە رابگرێ و رێگە نەدات دەستوور پێشێل بكرێت، داوا لە سەرۆك كۆماری عێراقیش دەكەین كە پارێزەری دەستوورە ئەم بڕیارە رابگرێت.

ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق دووپاتی لەسەر ئەوەش كردەوە كە كرۆكی ئەم بڕیارە، درێژەدانە بە ستەمی تەعریب و تەرحیل كە دەبوو حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، مادەی (140)یان جێبەجێ بكردایە، كە نەشیانكردووە نابێت پێشێلی بكەن.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه