جێگری سەرۆکی پارتی ؛
پارتی بە ڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، داکۆکیکار و پارێزەری یەکەم و سەرەکی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
ئەمڕۆ دووشەممە 7/7 , مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر ، لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیری ئۆرگانەکانی پارتی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ، جێگری سەرۆکی پارتی، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، نابێت بە هەڕەشە و مەترسی بۆ هیچ لایەک و هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیریی و ئارامی دەبێت لە ناوچەکەدا. هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی جەنابی سەرۆک بارزانی دا لە نزیکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان لەیەکتر بە تایبەتی لە ڕۆژئاڤای کوردستان و هەروەها لە کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش ، جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی دا ، کە کێشەی ئێمە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی سیاسییە نەک تەکنیکی ، چونکە بەداخەوە لە بەغدا، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە جیاکاری و بە شێوەیەکی نادەستووری ، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت .
جەختیشی کردەوە کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش ، قەوارەیەکی دەستووریی هەیە و دەبێ ڕێز لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگیرێت.دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستووری خۆی نابێت . ئاماژەشی بەوە دا کە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا، کێشەی مووچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت.
جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی ،
پارتی بە ڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، داکۆکیکار و پارێزەری یەکەم و سەرەکی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەرەنتی پاراستنی هەرێمە، بۆیە بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی کوردستانە و پارتی بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، هەمیشە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت.
وەڵام بدەوه