کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر داوا لە هەولێر و بەغداد دەکات، کێشەکانیان لەبارەی بودجە و پرسەکانی دیکەی نێوانیان چارەسەر بکەن.
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد رایگەیاند، "داوا لە بەغدا و هەولێر دەکەین کە ناکۆکییەکانیان لە رێگەی دیالۆگی بنیاتنەرانە بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بکەن''.
دوو مانگە بەغداد هیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، نزیکەی 70 رۆژە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە.
کۆنسوڵخانەی بەریتانیا رایگەیاند، "لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین".
هەفتەی رابردوو بەغدا و هەولێر لە گفتوگۆی چڕدا بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێدانی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە لیژنەیەکی وزاری پێکهێنا، دوێنێ لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت، بڕى بەکارهێنانى ناوخۆیی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمى کوردستان و بەجێکردنى مووچە تاوتوێ کراون.
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لێژنەکە و ئەو سکاڵایانە دەکەن، کە لە دادگەی فیدراڵی لە بارەی مووچەوە تۆمارکراون و دادگەکە رۆژی دووشەممە 14-7-2025 تاوتوێیان دەکات.
وەڵام بدەوه