بە بڕیاری وەزارەتی دارایی ئەنجوومەنێکی پەیوەست بە خانەنشینیی فەرمانبەران دادەمەزرێت
بە بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنێک بۆ پرسی خانەنشینیی و شایستەی دارایی و یاسایی خانەنشینیی فەرمانبەر، پێشمەرگە، کارمەندانی ناوخۆ، دەستبەکار بوو، شارەزایەکیش وردەکاریی پرۆسەکە ئاشکرا دەکات.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان کە وێنەیەكی دەستمان کەوتووە، ئاماژە بە دروستکردنی ئەنجوومەنێکی پەیوەست بە خانەنشینی کراوە، تێیدا هاتووە، بڕیارمان دا: "پێکهێنانی ئەنجوومەنی وردبینیکردنی کاروباری خانەنشینان، بە سەرۆکایەتیی دادوەرێک و بە ئەندامیەتی دوو فەرمانبەری یاسایی لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و دارایی."
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەنجوومەکە ئەرکیان چاوخشاندنەوە دەبێ بەو پەڵپانەی (اعتراز) کە لەلایەن خانەنشینانەوە پێشکەش دەکرێن.
ئەو ئەنجوومەنه بەپێی مادەی 29 لە یاسای 2014ی خانەنشینیی یەکگرتووی فیدارڵی پێکهاتووە.
بەپێی خاڵێکی بڕیارەکە، دوای ئەوەی نووسراوەکە لە (وەقایعی کوردستان) بڵاو دەبێتەوە جێبەجێ دەکرێ. لە هەفتەی ڕابردوودا نووسراوەکە لە (وەقایعی کوردستان)بڵاو کرایەوە و ئەنجوومەنەکە کارایە.
بەپێی بەدواداچوونەکان، هەر فەرمانبەرێک، پێشمەرگەیەک، کارمەندێکی ناوخۆ هەست بکات لە پرسی خانەنشینی نادادی بەرامبەری كراوە، یان ماف و شایستە و مووچە و خزمەتی کەم کرابێتەوە، یان کێشە لە مامەڵەکەی هەبێت، دەتوانێ لەو ئەنجوومەنە سکاڵا پێشکەش بکات.
لای خۆی فەتحی مستەفا، شارەزای بواری کارگێڕی و وەزیفی، رایگەیاند: " بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014، ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەبن و خزمەت و مووچەی خانەنشینییان دیاری دەکرێت، کاتێ هەست دەکەن مووچە و خزمەتیان کەم هەژمار کراوە و مافیان خوراوە، دەتوانن لە ماوەی 90 ڕۆژ دوای بڕینەوەی مووچەی خانەنشینییان، تانە لە بڕیارەکەی فەرمانگەی خانەنشینی بدەن."
دەشڵێت: "تانەلێدانەکه بۆ ڕاستکردنەوەی مووچە، یان خزمەتی هەژمارکراوە، ئەگەر ئەنجوومەنەکە داواکەی ڕەت بکاتەوە و پەڵپەکەی وەرنەگرن، دەتوانن لە دادگای تەمیز تانەی لێ بدات."
وەڵام بدەوه