ئەمڕۆ یەکشەممە 3/8/2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تییدا هاتووە: "بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەپێناو داڕشتنى پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکی ئارام بۆ پەرلەمانى عێراق و زەمینەخۆشکردن و فەراهەمکردنى ئازادیی دەنگدەران لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا بە بەشداریی بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردنى پارێزگا بەڕێوە چوو."
ئاماژەی بەوەش دا: "لە کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆکردن سەبارەت بە دابینکردنى پێداویستییەکان و ئامادەکارییەکان لە بنکەکانى دەنگدانى تایبەت و بنکەکانى دەنگدانى گشتی لە پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە بڕیارە لە مانگى 11ى ئەم ساڵ بەڕێوە بچێت، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کە لە هەڵبژرادنى ڕابردوودا بە باشى و رێکوپێکى ئەرکەکانى خۆیان ئەنجام داوە، ئەرک و کارەکانى هێزەکانی ناوخۆ، بەرگریی شارستانی، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى دیکەی بەپێى ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویست دەستنیشان کرد و بۆ سەرکەوتنى پڕۆسەکەش هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکى پارێزگا و فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى بۆ نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دووپات کردەوە."
جەختیشی کردەوە: "پارێزگارى هەولێر، جگە لە دڵنیابوونەوە لە ئامادەباشیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئومێدی خواست بە پابەندبوون بە بڕیار و ڕێنوێنییەکانی کۆمسیۆن، هەڵبژاردنێکی ئارام، لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر و دیموکراسى و سەرکەوتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرتاپاى هەرێمى کوردستان و عێراق بەڕێوە بچێت."
وەڵام بدەوه