بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراکی پێنجەم كراوە و بەشەئاردی حەوتەمیش لەم هەفتەیە دابەش دەکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی بڕیاری پێدەرچوو، دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی پێنجەمی ئەمساڵ كرا."
ئاماژەی بەوەش دا: "بڕیاری دابەشكردنی بەشەئاردی حەوتەمی ئەمساڵی هاووڵاتییانیش دەچووە و ئەویش لەم هەفتەیەدا دابەش دەكرێت و گەنمەكە لە كەركووك دەهێندرێت و دەدرێتە ئاشاكەكان، دوای تاقیكردنەوە، ئەوكات بەسەر بریكارەكان دابەش دەكرێت و لەم هەفتەیە دەگاتە دەستی هاووڵاتییان."
نەوزاد شێخ كامیل ئاشكراشی كرد، بەشەخۆراكی پێنجەم پێكهاتووە لە: "برنج سێ كیلۆ، شەكر كیلۆیەك، زەیت لیترێكە، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، 500 گرام نیسک، لەگەڵ ئارینۆك، لە هەندێك شوێنیش فاسۆلیا دەدرێت."
ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ ئاردیش بڕی 9 كیلۆ ئارد دەدرێتە هەر هاووڵاتییەك و ئاردەكەش دوای تاقیكردنەوە دابەش دەكرێت.
بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی دڵنیایی بە هاووڵاتییان دا و گوتی: "بەشەخۆراک بەتەواوی دابەش دەکرێت و مادەكان بەردەستن، هەروەها هەموو مادەكانیش پشكنینیان بۆ دەكرێت، دواتر دابەش دەكرێن، ئاردیش بە هەمان شێوە تاقی دەكرێتەوە ئەوكات دابەش دەكرێت."
وەڵام بدەوه