ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەمەوێت بە هاووڵاتییان بڵێم هاوتەریبی پرۆژەی هەولێر-کۆیە، لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆیە بۆ دوکانیش جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە تەواوکاری ڕێگای هەولێر-سلێمانی.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون دەڵێت: ڕێگای دوکان سلێمانی ڕێگەیەکی دووسایدە، پێش کۆتایی ئەم ساڵ کۆیە دوکانیش دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، لە ئێستادا لە ئامادە کردنی تەواوکردنی دیزانی پرۆژەکەین و بەمنزیکانە دەدرێتە بەڵێندەر و پێش کۆتایی ساڵ، دەست بە کارکردنی ئەو ڕێگایەش دەکرێت.
دەشڵێت: هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە بەستنەوەی پایتەختی کوردستان بە شاری سلێمانییەوە پرۆسەیەکە دەستمان پێکردووە لە داهاتوودا تەواو دەبێت، هیوادارین لەماوەی دووساڵدا دووسیادی هەولێر سلێمانی بەو ستانداردە تەواو بکرێت کە هاووڵاتییان بتوانن بە سەلامەتی هاتوچۆی بەسەردا بکەن.
ڕاشیگەیاند، وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ماستەر پلانێکی تەواومان بۆ ڕێگاکانی هەرێمی کورستان هەیە، لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەپدێتی ئەو ماستەر پلانە دەکەینەوە، چونکە لە چوارچێوەی ڕووداوێکی ئەندازیاریدا کە تایبەت دەبێت بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەپدێتی ماستەر پلانەکە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنین، بۆ ئەوەی کارەکانمان بۆ 10 ساڵی داهاتوو ڕوون بکەینەوە و کە حکوومەت چۆن کار لە ڕێگاوبانەکان دەکات و کامەیان جێبەجێ دەکات.
دانا عەبدولکەریم، ئاماژەی بەوەش دا، لەماوەی دەست بەکاربوونمان وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو هەزار و 500 کیلۆمەتر ڕێگاوبان قیرتاو و دروست کراوە، زیاتر لە 250 گوند، ڕێگای بۆ کراوە و نۆژەنکراوەتەوە، بە بەراورد بە کارەکانی ڕابردوو دەستکەوتێکی گەورەیە لە بواری ڕێگاوباندا.
وەڵام بدەوه