هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، داڕمانی سیستمی کارەبای عێراق لە کاتێکدا کارەبای هەرێمی کوردستان بەردەوامە، نیشانەیەکی نوێی سەرکەوتنی حكوومەتی هەرێمە. ناوبراو دووپاتیشی کردەوە، سەرەڕای بڕینی شایستە داراییەکان، هەرێم ئامادەیە یارمەتیی بەغدا بدات.
ئەمڕۆ دووشەم، 11ی ئابی 2025، زێباری لە تویتێکدا لەسەر هەژماری فەرمیی خۆی نووسیویەتی، داڕمانی سیستمەکانی کارەبا لە گشت پارێزگاکانی عێراقدا لەگەڵ پلەکانی گەرمای پێوانەییدا، جگە لە هەرێمی کوردستان، نیشانەیەکی نوێیە لەسەر ئەوەی کە حكوومەتی هەرێم سەرکەوتووە لە پڕۆگرامەکانیدا بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییانی لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، سەرەڕای بڕینی شایستە داراییەکان.
لە کۆتایی تویتەکەیدا، هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدانی حكوومەتی فیدراڵ دەربڕیوە.
ئەم تویتە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ، تەواوی سیستمی کارەبای عێراق لە ناوەڕاست و باشوور لەگەڵ شەپۆلێکی گەرمای تونددا داڕما و وڵاتی خستە تاریکییەوە، هاوکات کارەبای هەرێمی کوردستان بە جێگیری و بێ پچڕان مایەوە، ئەمەش بەراوردکارییەکی ڕوونی لە نێوان هەردوو سیستمەکەدا دروست کرد و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
وەڵام بدەوه