ئێوارەی ئەمڕۆ، پارتی و یەکێتی لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە شاری هەولێر کۆبوونەوە. کەمێک پێش ئێستا هەردوولا ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم و کاراکردنەوەی پەرلەمان پەرلەمانی کوردستان کردەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٥ لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەهەولێر، هەردوو شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامییان بەکۆبوونەوەکانیان دا.
هەردوولا لەکۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە کە؛ لەژێر رۆشناییی ئەو بنەما و پرنسیپانەی لە دیدگای هاوبەشی نێوان هەردوولادا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەو هەنگاوانەی نراون لەپێناو ڕێکخستنی کاری هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانیی کوردستان، بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها باس لە هەنگاوە کردەییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە کرا.
بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان، بۆ رێزگرتن لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و ئەو بەڵێنانەی هەردوولا بە جەماوەری خۆیان دابوو و دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پارێزگاری لە پێگەی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان؛ هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاساییی خۆی بکات و هەنگاوەکانی تری پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوام بن.
وەڵام بدەوه