به بۆنهى ساڵیادى دامهزراندنى پارتى دیموكراتى كوردستان، مهكتهبى سیاسى ئهو حزبه راگهینراوێكى بڵاوكردووهتهوه و تێیدا هاتووه، دهبێت ههڵبژاردنى داهاتووى پهرلهمانى عێراق بهرهو پێكهێنانى حكوومهتێك بێت ههڵه و شكستهكانى رابردوو دووباره نهكاتهوه. ههروهها مهكتهبى سیاسى دووپاتى دهكاتهوه ههموو ههوڵێك دهدات بۆ ئهوهى چارهسهرى كێشهكان بكرێت.
ئهمڕۆ ههینى 15ى ئاب به بۆنهى ساڵیادى دامهزراندنى پارتى دیموكراتى كوردستان كه له 16ى ئاب دامهزراوه، مهكتهبى سیاسى ئهو حزبه راگهینراوێكى بڵاوكردووهتهوه و تێیدا وێراى پیرۆزبایى و تیشكخستنه سهر خهباتى پارتى، باس له ههڵبژاردنى داهاتووى پهرلهمان دهكات و هیواى ئهوه دهخوازێت ئهنجامى ههڵبژاردنهكه بهرهو حكوومهتێكى ئهوتۆ بێت كه ههڵه و شكستهكانى رابردوو دووباره نهكاتهوه. سهبارهت به كێشهكانیش پارتى دووپاتى دهكاتهوه ههوڵێكى رژد و دڵسۆزانه دهدات بۆ ئهوهى چارهسهر بكرێن. له بهشێكى ترى راگهینراوهكهى مهكتهبى سیاسىه ئاماژه بۆ ئهوه كراوه پارتى چاوهڕوانه وڵاتانى دراوسێ ههڕهشهیان بۆ كوردستان نهبێـت.
دهقى راگهینراوى مهكتهبى سیاسى پارتى
هاووڵاتییانی ئازیزی کوردستان
هەڤاڵان و جەماوەری هێژای پارتیمان
خەباتی نەپساوەی چەكداری و سیاسی و دیپلۆماسی و میدیایی پارتیمان لە قۆناغە جیاجیاكانی تێكۆشانیدا، هەروەها لە شۆڕشەكانی ئەیلوولی مەزن و گوڵان و ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١دا و ئەو دەستكەوتانەی لەو كاروانە نەپساوەی پڕ سەروەرییەیدا بەدی هاتوون، لەوانە ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار) و چەسپاندنى سیستمى فیدراڵى لە عێراقدا گەواهیدەری ئەوەن، كە پارتی هێزێك و ڕێكخستنێكی پێشەنگ و پشتئەستوور بووە بە جەماوەر و تێكڕای چین و توێژەكان و پێكهاتە فرە نەتەوەیی و ئایینییە جیاجیاكانی كوردستان، هەروەها بە گیانی كوردایەتی و كوردستانی و كولتووری دیالۆگ و برایەتی و پێكەوەژیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و پارچەكانی دیكەی كوردستان كاری كردووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و سەرخستنی دۆزە ڕەواكەمان و دابینكردنی مافەكانمان.
ئەمڕۆ كە یادی شکۆداری ١٦ی ئابە، پارتی ئەو هەموو پیلان و گەلەكۆمەكیەی لێ كرا، وەك پێشڕەوی كوردایەتیی و كۆڵنەدان، وەك هەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و هەڵوێستە سیاسییە نەگۆڕەكانی و خۆڕاگری مەردانەی لە خاك و مافی گەلی كوردستان، هێندەی دیكە پێگەی لەسەر هەموو ئاستەكان بەهێزتر كردووە و بەرنامە نیشتمانسازی و ئاوەدانخوازییەكەشی جێی ئومێدی جەماوەرە، پتەویی ڕیزەكانی نێوخۆشی وایكردووە بە ئەندازەی ئەو پڕكێشییە سەخت و دژوارانە بێت.
هاووڵاتییان و کوردستانیانی هێژا
پارتیمان، لە ڕوانگەی دڵسۆزی و خەمخۆرییەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە مووچەخۆرانی خۆڕاگرەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پارتی پشتیوانیی لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ دەکات، کە بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن، هەروەها جارێکی تر جەخت دەکەینەوە سەر پرەنسیپەکانی: (شەراكەت، تەوازوون، تەوافووق) بۆ چارەسەرکردنی كێشەكان لە عێراقێکی فیدڕاڵدا.
لە لایەکی ترەوە لە سەروبەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەسەر بەشداریکردن و پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە، کە بڕیارە لە ١١/١١/٢٠٢٥ بەڕێوەبچێ، بۆ ئەوەی قۆناغی داهاتوو پڕۆسەی سیاسی لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست دابڕێژرێ و کێشە و قەیرانەکان چارەسەر و بنبڕ بکرێن، بەبێ دەستتێوەردانی دەرەکی و ڕەوت و خولیای تایەفەگەریی چەوت و بەرتەسک و شۆڤێنییانە، هەروەها پێکهێنانى حكوومەتێك كە لە ئاست ئەركەكانی قۆناغەكەدا بێت، بتوانێ سەقامگیریی سیاسیی و سەروەرىی وڵاتەکە بپارێزێ و ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرەو باشتر ببات و هەڵە و شکستەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە، بۆ ئەمەش چاوەڕوانیمان لە جەماوەرى دڵسۆزى پارتیمان و خەڵکى بەئەمەکى کوردستان و سەرجەم عێراقە، پاڵپشتىی بەرنامە و هەنگاوەکانى پارتیمان بکەن کە جەختکردنەوەیە لەسەر جێبەجێکردنى دەستوور و چەسپاندنى پڕەنسیپەکانى بنیادنانەوەى عێراقى نوێیە، وەکوو وڵاتى هەمووان.
لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوچەکەش، پارتیمان لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت، کە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت و ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت، وەکوو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە ھەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەھەمان شێوە ھەرێم نابێتە گۆڕەپانێک بۆ ھەڕەشە لەسەر ئاسایشیی سنوورەکانی ئەو وڵاتانە و ڕێز لە سەروەریی ھەموو لایەک بگیرێت.
لەم یادە مەزنە مێژووییەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە جەخت لەسەر بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکان دەکەینەوە، جەخت لەسەر ڕوانگە ڕاستەقینە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەمان دەکەینەوە، بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان و لە خاكەكەمان و لە دەستكەوت و قەوارە نیشتمانییەكەمان و، لە پاراستنى دامودەزگا شەرعیەکانى کوردستان (سەرۆکایەتىی هەرێم و حکوومەت و پەرلەمانى کوردستان) یەکڕیز و هاوئاراستە و هاوگوتار بین و، هەموو هەوڵێكی ڕژد و دڵسۆزانە بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرنەخستنی هەموو ئەو پیلانە دزێو و هەوڵە نەزۆکانەی مەبەستیانە ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بشێوێنن.
لەم یادە پڕ شکۆیەدا، هەمدیسان بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە، وەک هەمیشە لەسەر هەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان.
لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر) و کاکە (ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی سەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.
لە یادی ١٦ی ئابدا بهڵێن بۆ گیانی پاكی شههیدان نوێ دهكهینهوه، كه درێژەپێدەری ڕێبازەكەیان بین، كە رێبازی كوردایهتی و نیشتمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئهو ئهزموون و دهسكهوتانهی بهرههمی خوێنی بە نرخی ئەوانە.
دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سڵاو و رێز بۆ خانهواده و كهسوكاری سهربهرزیان دهنێرین، سڵاو بۆ یادی ئهو تێكۆشهرانهی سهرقافڵەی گهشانهوهی ژیلهمۆی شۆڕش بوون.
لەم یادە نیشتمانییەدا، سڵاو بۆ سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیى، ئاینى و ئاینزاکانى کوردستان، کە بەشێکى گرنگ و دانەبڕاوى گەلەکەمانن دەنێرین، سڵاوى گەرم بۆ قوتابیان، لاوان، ئافرەتان و، سەرجەم سەندیکا و ڕێکخراوە جەماوەرىی و پیشەییەکان.
لەم بۆنە مێژووییەدا سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەڤاڵانمان و کادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستانمان دەکەین و ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنین لە داکۆکیکردن لە پارتە ڕەسەنەکەیان و سووربوونیان لەسەر بەدیهێنانی ئەو پەیام و پەیمانەی داویانە.
گهرمترین پیرۆزبایی له ئهندامان و لایهنگر و دۆستان و جەماوەری پارتیمان و سەرجەم خەڵكی خۆڕاگر و سەربەرزی كوردستان دەكەین، بە تایبەتیش یەك بە یەكی پێشمەرگە قارەمانەكانمان و دامودەزگا ئەمنییەکان، كە لە سایەی هێز و بازوو و جوامێریی ئەواندا كوردستان پارێزراو و سەربەرز و ئارامە.
سەرکەوتن هەر بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە، بەرز و شەکاوەش بێت ئاڵای کوردستان.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٦ی ئابی ٢٠٢٥
وەڵام بدەوه