کارکردن لە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی بەردەوامە، وتەبێژی شارەوانی سلێمانیش لەوبارەیەوە دەڵێت: '27 کیلۆمەتری شەقامەکە تەواو بووە'.
یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە کابینەی نۆ بەردی بناغەی دانراوە و چووتە بواری جێبەجێکردنەوە، پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانییە، کە بە شاڕەی بابان ناسراوە و بە سێ قۆناغ دەست بە کارەکانی کراوە.
زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند: کارکردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەردەوامە، تاوەکو ئێستا 75%ی کارەکانی تەواو بووە. وتەبێژی شارەوانی سلێمانی وتی: بەگوێرەی پلان بڕیارە لە مانگی 9ی ساڵی 2026 شەقامەکە بەڕووی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە.
درێژی شەقامی 100 مەتری سلێمانی 32 کیلۆمەترە، تاوەکو ئێستا 27 کیلۆمەتری تەواو بووە، چینی یەکەم و دووەم و سێیەمی شەقامەکە قیڕ کراوە.
تێچووی شەقامەکە 400 ملیار دینارە و لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئەو لۆد و قەرەباڵخییەی لەسەر شەقامەکانی ناو شار هەیە کەم دەبێتەوە، هەروەها ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆ دروست دەکات.
وەڵام بدەوه