بڕیارە لە مانگی داهاتوو قیرتاوكردنی جووتسایدی هەولێر- كۆیە دەست پێ بكات، ئەوەش كەمتر لەو كاتە بوو كە بۆ پڕۆژەكە دانرابوو، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەش دەڵَێت، بە كوالێتییەكی یەكجار بەرز رێگەكە دروست كراوە.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئاب، حەردان سەعید سەرپەرشتیاری دروستكردنی رێگەی هەولێر- كۆیە،رایگەیاند، ئێستە لە هەرسێ قۆناغی هەولێر- كۆیە كاركردن بەردەوامە.
زیاتر گوتی، ئێستە لە قۆناغی كۆتایی ئامادەكردنی شەقامەكەداین كە پێی دەگوترێت "بیست كۆس"، لە دوای ئەوە قیرتاوكردن دەست پێ دەكات و خۆمانی بۆ ئامادە دەكەین.
باسی لەوەش كرد، هەرسێ قۆناغەكە بەیەكەوە ئامادە دەبێت و هێندە كاری تێدا نەماوە، بۆیە ئەگەر هیچ بەربەستێك دروست نەبێت، لە مانگی نۆ دەست بە قیرتاوكردنی هەرسێ قۆناغەكە دەكەین.
باسی لەوەش كرد، رێگەكە بە ستاندارد و وردەكاری و كوالێتییەكی بەرز دروست دەكرێت و سەرجەم وردەكارییەكانی بۆ دەكرێت، بۆ ئەوەی شوفێران بە ئاسانی هاتوچۆی تێدا بكەن.
پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – كۆیە كە لەلایەن مەسروور بارزانی، بەگوژمەی 435 ملیار دینار بەردی بناغەی دانرا، كاركردن تێدایە لەلایەن كۆمپانیای ئوزان بە سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر بەردەوامە، ڕۆژانە ستافێكی هەزار و 500 كەس بۆ ماوەی 10 سەعات كار لە ڕێگەكەدا دەكەن.
ئێستە كاركردن لە پڕۆژەكە گەیشتووەتە 20 كیلۆمەتر، پڕۆژەكە قۆناغی بڕین و پڕكرددنەوەی كۆتایی هاتووە و پتر لە 300 ئامێر كار دەكەن لەو پڕۆژەیەدا، زیاتر لە یەك ملیۆن مەتر سێجا كاری بڕین و یەك ملیۆن كاری پڕكردنەوەی تێدا ئەنجام دراوە.
هەروەها زۆربەی كاری ئاوبەرە كۆنكریتییەكانی كراوە، كۆمپانیا كارگەی كۆنكریت و قیری تایبەت بەخۆی لە پڕۆژەكەدا داناوە، هەروەها كاری فەرشكردنی چینی سەرەكی تێكەڵە دەستی پێ كردووە، بڕیارە لە ماوەیەكی كورتدا دەست بكرێت بە فەرشكردنی قیر.
خاڵی دەستپێكی رێگەكە كە دەكەوێتە بەرانبەر باخچەی ئاژەڵانی هەولێر تەواو بووە، بە تەواوبوونی ماوەی نێوان ئەو دوو شارە لە سەعاتێكەوە بۆ كەمتر لە نیو سەعات كەم دەبێتەوە.
رێگاكە 32 مەتر پان دەبێت و پردێكی بە درێژیی 250 مەتر لەسەری دروست دەكرێت، هەروەها پێنج ئۆڤەرپاسیشی تێدا دەبێت.
ئەو رێگایە هاتوچۆی خەڵك بەنزیكەی 20 بۆ 25 خولەك كورت دەكاتەوە و كاتێكیش ڕێگەی هەولێر- كۆیە تەواو دەبێت، لە خاڵی كەسنەزانەوە دێتە ناو سەنتەری شاری هەولێرەوە، ئەگەر هەر ڕێبوارێك بیەوێت بەرەو پارێزگای دهۆك بڕوات، دەتوانێت ڕاستەوخۆ شەقامی 150 مەتری و 120 مەتری و 100 مەتری بەكار بهێنێت و بەرەو ئەو پارێزگایە بڕوات.
لە پێنجشەم 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێورەسمێكی تایبەتدا، بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- كۆیەی دانا.
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كە ئەم ڕێگەیە دەتوانێت ئاسانكارییەكی زۆر بكات بۆ بەستنەوەی شاری كۆیە و تەقتەق و دەوروبەری بە هەولێر. هەروەها یارمەتیدەری بەستنەوەی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانیشە و تەواوكردنی دووسایدی ئەو دوو پارێزگایە و سەرەنجام بەستنەوەی شارەكانە بە یەكتر.
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كە ئێمە بەرنامەمان زۆر هەبووە بۆ دروستكردنی تۆڕێكی باشی ڕێگەوبان و بەستنەوەی هەموو شارەكان بە یەكترەوە. گوتیشی پێش چەندان ساڵ، بەرنامەی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە هەبووە، بەڵام بە هۆكاری جیاواز و ئەو گرفتانەی بۆ حكوومەت و كابینەكانی پێشووتر هاتنە پێشەوە، نەتوانرا جێبەجێ بكرێت. بەڵام ئێستە بڕیارمان داوە بە دیزاین و كوالێتییەكی باشتر و مەرج و ستاندارێكی نێودەوڵەتی پڕۆژەكە جێبەجێ بكەین، هیوادارم لە ماوەیەكی نزیكدا پڕۆژەكە بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
سەرۆكی حكومەت هەروەها ڕوونی كردەوە كە هەموو شارێكی كوردستان پێویستی بە خزمەتی زیاترە. خەڵكی خۆشەویستی كۆیەش شایانی ئەوەن خزمەتێكی باشتر بكرێن.
هیوادارم چیتر ڕێگری و بەربەست نەبن بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری بە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان بگەیەنین. چونكە بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە پڕۆژەكانی حكوومەت لە هەموو ناوچە كوردستان بێ هیچ جیاوازییەك جێبەجێ بكەین.
سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە دا كە پێشتریش حكوومەت بڕیاری داوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە هەموو پارێزگا و ناوچەكان جێبەجێ بكرێن و تەرخانی داراییشیان بۆ بكرێت. بەڵام لە پارەداركردن و جێبەجێكردندا بەداخەوە بەربەست هەبووە . هیوادارم چیتر ئەم بەربەستانە نەمێنن تا هەموو لایەكمان شاد بین بەو هەڵمەتی شۆڕشی خزمەتگوزارییەی لە حكوومەتەوە دەستمان پێ كردووە .
لە كۆتاییدا سەرۆك حكوومەت داوای لە هاووڵاتییان كرد كە دوای ئەوەی ئەم جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ دەكرێن، ڕێز لە ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ و حەرەمی شەقامەكان بگرن و زێدەڕۆیی نەكەنە سەر ئەو حەرەمە، چونكە ئەم ڕێگەیە چەند سوودی هەیە بۆ خێراتركردنی هاتوچۆكردن لە نێوان دوو شار، ئەوەندەش سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ. هەروەها سیمای وڵاتەكەشمان جوانتر دەكات. بە تایبەتی كە شوێنی تایبەتیش دیاری كراوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێ بۆ خۆیان كار و كەسابەت بكەن لە نزیك ئەم شەقامانە. بۆیە هیوادارم پابەندی ڕێنوێنییەكان بن
وەڵام بدەوه