Kurdistan Press - گەشتی عومرە راگیرا گەشتی عومرە راگیرا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

گەشتی عومرە راگیرا

نزیکەی دوو هەزار عومرەکاری کوردستان لە سعوودیە گیریان خواردووە و گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، وەک هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو رەفتارانەی لەگەڵ عومرەکارانمان کراوە، گەشتی عومرەمان لە هەرێمی کوردستانەوە راگرتووە.

رۆژی سێشەممە 19ـی ئاب، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند: زیاتر لە دوو هەزار عومرەکار لە رێگەی ئاسمانییەوە چوونەتە سعوودیە و ئێستا ناتوانن بە فڕۆکە بگەڕێنەوە.

بەشێک لەو عومرەکارانە لە رێگەی وشکانییەوە بە پاس گەڕاونەتەوە و گوتەبێژی حەج و عومرەش دەڵیت؛ عومرەکاران پارەیەکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی بە فڕۆکە گەشتەکەیان ئەنجام بدەن، شیاو نییە لە رێگەی وشکانییەوە بەو گەرمایە بە تێچوویەکی کەم بیانگەڕێننەوە،  دەشڵێت؛ داوامان کردووە قەرەبووی ئەو عومرەکارانە بکرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان وەک هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو رەفتارەی لەگەڵ عومرەکارانی کوردستان کراوە، گەشتە ئاسمانییەکانیان راگرتووە و کاروان ستوونی ئاماژەی پێ دەدات؛ "جێگەی قبوڵکردن نییە خەڵکی ئێمە لە سعوودییە گیریان خواردبێت و ئێمەش بەردەوام بین لە ناردنی عومرەکار.

زیاتر روونی دەکاتەوە؛ "چوونی عومرەکاران لە هەرێمی کوردستانەوە لە دەسەڵاتی ئێمەیە و ئێمەش لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی گەشتی عومرەمان راگرتووە".

تا ئێستا روون نییە هۆکاری راستەقینەی گیرخواردنی عومرەکارانی کوردستان لە سعوودییە چییە و بۆچی رێگە نادرێت لە رێگەی ئاسمانییەوە بگەڕێنەوە، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێمە بۆ چارەسەرکردنی لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق لەسەر هێڵین.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی کوردستان ناوی 140 کۆمپانیای بڵاوکردەوە کە لەلایەن ئەوانەوە رێگەپێدراون و جێی متمانەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە رێگەیانەوە گەشت بکەن، بە گوتەی کاروان ستوونی لە رۆژانی داهاتوودا ناوی چەندین کۆمپانیای دیکە بڵاو دەکرێنەوە.

گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە؛ "پێشتر نزیکەی 150 کۆمپانیای حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە سەرووی 400 کۆمپانیا و لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرجەمی ئەو کۆمپانیایانە تەتەڵەی دەکەینەوە و ناویان بڵآو دەکەینەوە بۆ ئەوەی خەڵک لە رێگەی کۆمپانیای متمانەپێکراوەوە گەشتی عومرە ئەنجام بدەن".

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه