شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی رێگەی گەشەپێدان لە بەغدایە، لیژنەیەكی نوێ لەلایەن حكوومەتی عێراق دروست كراوە بۆ ئەوەی دووبارە دیزاین و پێداچوونەوە بەو رێگەیە بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی ئاب، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوە و وەزیری پلاندانان و بەرپرسانی باڵای عێراق كۆ بووینەوە.
زیاتر گوتی، چوونمان بۆ پرسی رێگەی گەشەپێدانە لە وەزارەتی پلاندانان لە بەغدا، لەوێ كۆبووینەوە بڕیار و راسپاردەی نوێ دەبێت لەسەر ئەو بابەتە، چۆنیەتیی مامەڵەكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەل ئەو پڕۆژە ستراتیجییە.
باسی لەوەش كرد، لە كۆبوونەوەكەدا بۆچوونی هەرێمی كوردستانمان پێدان، پشتگیریی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان بۆ عێراق پێشان دا بۆ پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە، چونكە ئەو رێگەیە دەبێتە رێگەی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا.
روونی كردەوە، ئەو پێشنیارەی حكوومەتی كوردستان كردوویەتی تا لە پڕۆژەكە بكرێت، تێچووی كەمترە و ماوەكەشی 32 كیلۆمەتر كەمترە، لەرووی تەناهیشەوە زۆر باشترە.
دەڵێت، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتێكی تەواو لەسەر ئەو بابەتە پێشكەش دەكەین، بەپێی نەخشەكەش لە پارێزگای دهۆك رێڕەوەكە تێپەڕ دەبێت، لیژنەكەشمان داوەت كردووە بێن خۆیان لە كوردستان شوێنەكە ببینن.
وەڵام بدەوه