لە شاری دھۆک شوێن بۆ دروستکردنی شوقەی کەمدەرامەت و کرێنشینان دیاری کرا و بەڕێوبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆکیش دەڵێت، ئەو شوێنەی دیاری کراوە ناوچەیەکی باش و گونجاوە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون.
کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: " بەگوێرەی سەرژمێریی دانیشتووان چوار ھەزار و ٢٠٠ شوقە لەو ٢٠ ھەزار شوقەیەی بڕیارە بۆ کرێنشینان دروست بکرێن بەر پارێزگای دھۆک کەوتوون، ئەو ژمارەیەش بەسەر ھەموو قەزاکانی سنووری دھۆکدا دابەش کراون و شوێنی باشیش دیاری کراوە بۆ دروستکردنیان، ڕەوچاوی ئەوەش کراوە شوێنی گونجاو دیاری بکرێت، چونکە خەڵکی کەمدەرامەت پێویستی بەوەیە شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکی سەنتەری شار بێت."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک گوتیشی: "بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان ناوچەی ئیتیتی نزیک سەنتەری شاری دھۆک بۆ دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دیاری کراوە، ئەوەش شوێنێکی زۆر باش و گونجاوە."
کوردۆ ئیحسان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئێستا لیژنەی تایبەتمەند خەریکی پاکسازییە لە لیستی ناوی کرێنشینان، تەنیا لە پارێزگای دھۆک نزیکەی ٢٠ ھەزار کەس فۆرمیان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پڕ کردووتەوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەپێی مەرج و خاڵبەندی لیستەکە بەتەواوەتی کۆتایی دێت
وەڵام بدەوه