سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا دەكات
ڕۆژی سێشەممە 30ی ئەیلوولی 2025 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی شاندێكی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا بە سەرۆكایەتیی مەتڕان ئەنتۆنی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا كرد.
لە دیدارەكەدا بەڕێز ماكسیم ڕۆبین كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، شاندی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ كوردستان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و ئەو ئاشتی و تەباییەی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستاندا هەیە. ئەوەشیان دووپاتكردەوە كە بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن كە لە ناوچەیەكدا هەڵكەوتووە كە سەرچاوەی مرۆڤایەتییە و بڕوای قووڵی بە پێكەوەژیان هەیە. شاندی میوان خوازیاری ئەوەش بوون پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەموو ناوەندە ئایینیەكانی كوردستان بەردەوام بێت و بەرەو پێشەوە بچێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا كردەوە. سەرۆك بارزانی باسی لە چەند نموونەیەكی مێژوویی وەفا و پێكەوەیی پێكهاتەكانی كوردستان كرد بەرانبەر یەكتر لەكاتە سەختەكاندا و ئاماژەشی بەوەدا كە خەڵكی كوردستان لە دڵ و بە قەناعەتەوە بڕوایان بە تەبایی و پێكەوەژیان هەیە و ئەو بووەتە فەرهەنگێكی بەهێز كە ڕیشەی لە مێژوودا هەیە و بۆ نەوەكانی ئایندەش دەمێنێتەوە.
وەڵام بدەوه