سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەریی كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "بەڵێنێكی دیكەشمان جێبەجێ كرد."
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/10/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و بێستانە و 80 گوندی دەوروبەریی كردەوە و لە وتارێكدا ڕایگەیاند: "لە ساڵانی رابردوو باران كەم باریوە و رووبارەكان لە زۆر شوێن وشك بوون، كاریگەریی كەمیی باران لە عێراق زۆر دیارە، ئێمەش لەوە بێبەش نابین، بەداخەوە ئێمە تەنیا دەتوانین زەرەر و زیانی كەمئاوی لەسەر خۆمان و ژینگەكەمان كەم بكەین، هیوادارین ئەمساڵ وەك ساڵانی رابردووش نەبێ و خوا بارانی رەحمەتمان بەسەردا ببارێنێ و تووشی كەمئاویی لەوە زیاتر نەبین."
سەرۆكی حكوومەت گوتیشی: "ئەو پێشبینییانەی كە كردمان و بەم پرۆژانە، دڵنیام كە ئێمە ناگەینە قۆناغێك كە ناچار بین بە كۆچكردن، چونكە بێگومان كاریگەریی كەمئاوی لەسەر خەڵك زۆر زۆرە و عێراق یەكێكە لەو شوێنانەی كە بە شێوەیەكی دژوار تووشی ئەم گرفتە بووە."
دەقی وتاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی هێژا
خوشك و برایانی ئازیزی
زۆر زۆر بەخێر بێن، بەیانیتان باش، خوای گەورە دەفەرموێ: بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ (وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ) كە واتا هەموو شتێكی زیندوومان لە ئاو دروست كردووە، لە كوردەواریی خۆشمان دەڵێین ئاوەدانی، كەواتە هەرچی ژیانە بەستراوەتەوە بە ئاو، بەبێ ئاو ژیان نابێت، زۆر گرنگە كە ئێمە ئەو ئاوە و ئەو نیعمەتەی كە خوا بە ئێمەی داوە بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین و بەفیڕۆی نەدەین و دەستی پێوە بگرین.
ئێمە ماوەیەكی زۆرە هەستمان بەوە كردووە كە بە فراوانبوونی شارەكان و زیادبوونی داواكاریی خەڵك بۆ ئاو، پێویستیمان بەوەیە كە پرۆژەی ئاو پێویستە بە هەموو شار و شارۆچكە و گوند و دێهاتەكانمان بگات، هەم بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە ئاسوودە بن، هەم بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگرین و نەهێڵین ئاوی ژێر زەویی بیرەكان بەو شێوەیە بەداخەوە بەڵام ئەوەندە ئاوی ژێرزەوی بچێتە خوارەوە، كەواتە زۆر گرنگە ئێمە بتوانین بەو پرۆژانە زیاتر ئاوی سەرزەوی بەكار بهێنین. ئەم ئاوە هەم بۆ خواردنەوە، هەم بۆ كشتوكاڵ، هەم بۆ باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان زۆر زۆر گرنگ دەبێت.
پێش ماوەیەكیش پرۆژەیەكی تری گەورەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر ئەنجام درا و بە كۆتایی گەیشت، ئەویش هەر دیسان بەشێك بووە لەو پرۆژە و بەرنامانەی كە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمانبووە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكەین. ئەمڕۆش لێرەین بۆ ئەوەی پێتان بڵێین كە بەڵێنێكی تریشمان جێبەجێ كرد و ئەم پرۆژەیەشمان بە ئەنجام گەیاند، پیرۆزە لە هەمووتان.
دەستخۆشی لە كۆمپانیای (ئاوزان) دەكەم كە بەڕاستی لە كاتێكی پێوانەییدا و بە دڵسۆزی و ماندووبوونێكی زۆرەوە توانییان لە كەمتر لە ساڵێك ئەم پرۆژەیە بە ئەنجام بگەیەنن، سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی شارەوانیش دەكەم كە بە هەمان شێوە پاڵپشت و هاوكار بوون بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆژەیە و سوپاسی پارێزگا و قایمقام و هەموو فەرمانبەرانی حكوومەتیش دەكەم كە هەموویان هاوبەش بوون و هەمووشیان هاوپشكن لە سەرخستنی ئەم پرۆژانە، دەستخۆشی لە هەموو لایەكتان دەكەم.
پاراستنی ئاو ئەركی هەموومانە، پێویستە هەموومان زۆر بە وریایی ئاوەكەمان و ژینگەكەمان بپارێزین. لە ساڵانی رابردوو باران كەم باریوە و رووبارەكان لە زۆر شوێن وشك بوون، كاریگەریی كەمیی باران لە عێراق زۆر دیارە، ئێمەش لەوە بێبەش نابین، بەداخەوە ئێمە تەنیا دەتوانین زەرەر و زیانی كەمئاوی لەسەر خۆمان و ژینگەكەمان كەم بكەین، هیوادارین ئەمساڵ وەك ساڵانی رابردووش نەبێ و خوا بارانی رەحمەتمان بەسەردا ببارێنێ و تووشی كەمئاویی لەوە زیاتر نەبین، بەڵام ئەو پێشبینییانەی كە كردمان و بەم پرۆژانە، دڵنیام كە ئێمە ناگەینە قۆناغێك كە ناچار بین بە كۆچكردن، چونكە بێگومان كاریگەریی كەمئاوی لەسەر خەڵك زۆر زۆرە و عێراق یەكێكە لەو شوێنانەی كە بە شێوەیەكی دژوار تووشی ئەم گرفتە بووە.
مەترسیی كەمئاوی، مەترسیی تریشی لەگەڵ دێ، مەسەلەی كۆچكردنی هاووڵاتیان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، چونكە ئەمە ژیانی مرۆڤ وایە بە دوای ئاو دەگەڕێ، بە دوای ژیان دەگەڕێ، لە شوێنێك ئاو نەبێت، بەبیابانبوون دروست ببێ، خەڵك قەستی شوێنێكی تر دەكات كە ژیانی تێدایە. ئێمە هەوڵێكی جددیمان داوە لەگەڵ دۆستەكانمان لە دەرەوەش كە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ئەم كێشەیە، كێشەی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهانی ئێستا بووەتە كێشەیەكی جددی كە هەوڵ بدەن چارەسەری بكەین و ئێمەش بەشێك بین لەو چارەسەرییە و ئەو روئیایەی ئێمە هەمانبووە لە كوردستان، بەش بە حاڵی خۆمان، بەرنامەكانی خۆمان جێبەجێ كردووە و لە خواش بەزیاد بێ دەبینین كە كاریگەریشی هەبووە و خەڵكی ئێمەش تا حەدێكی زۆر توانیویانە ئاسوودە بن.
جگە لەم پرۆژانە ئێمە چەندین پرۆژەی تریشمان لەبەر دەستن، هەندێكیان جێبەجێ كراون، هەندێكیان خەریكن جێبەجێ دەكرێن و هەندێكیش پلانیان بۆ دارێژراوە لە ئاییندەیەكی نزیكدا جێبەجێ بكرێن، تەنیا لە چەند رۆژی رابردوو بڕیارمان لەسەر دروستكردنی پرۆژەیەكی گەورەی ئاوی دووكان - سلێمانی دا كە ئەوەش بێگومان بابەتی قەیرانی ئاو لە سلێمانی كۆتایی پێ دەهێنێت.
پرۆژەكانی دیكەش هیوادارم لە كاتێكی زوودا بە ئەنجام بگەن بۆ ئەوەی هیچ شوێنێك لە كوردستان نەمێنێت كە تووشی گرفت و قەیرانی كەمئاوی ببێت.
من داوایەكیشم هەیە لە هەموو خوشك و برایانی خۆشەویست، لە قوتابخانەكان، بە تایبەتی لە مامۆستایانی ئایینی، لە رۆشنبیران كە رێنماییمان بكەن، ئامۆژگاریمان بكەن، بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەدرێ، دەست بە ئاوەوە بگرین، نیعمەتێكی گەورەیە بەڵام با بەباشترین شێوە سوودی لێ وەربگیرین، ئێمە بێگومان دەتوانین زۆر زۆر وڵاتەكەمان خۆشتر بكەین، ئەگەر بزانین چۆن سوود لەو نیعمەتە وەربگیرین كە خوا پێی بەخشیوین. بابەتی هۆشیاركردنەوە بابەتێكی گرنگە، داوا دەكەم نەك تەنیا بابەتی ئاو، بەڵكوو ژینگەپارێزی بە شێوەیەكی گشتی با ببێتە كولتوورێك هەموومان پێیەوە پابەند بین.
كاری زۆرمان كردووە بۆ ئەوەی لە ئاستی ئەو متمانەیە بین كە خەڵك بە ئێمەی داوە و خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵك دابین بكەین، نەك تەنیا ئاو، بەڵكوو پرۆژەی رووناكییە، رێگەوبانە، بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانە، كەرتی تەندروستییە، كەرتی پەروەردەیە، ئەمە هەموویشی ئەركی ئێمە بووە و هیچ منەتێكی تێدا نییە و هەمیشەش ویستوومانە بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین، خزمەتكردن بەڕاستی ئیرەیی ناوێ، تەنیا دڵسۆزی دەوێ، ئەوەی بیەوێ خزمەت بكا، ئەوەندەی بەسە دڵسۆز بێت و دەتوانێت خزمەت بكات.
سامانی نیشتمانی سامانی هەموو خەڵكی كوردستانە، موڵكی شەخسیی هیچ كەسێك نییە و پێویستە ئەم سامانە بۆ خەڵك بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگیرێت.
ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی ئێوە، تاوەكوو ئێوە متمانەتان پێمانە، بە سەربەرزییەوە، بە شانازییەوە خۆمان بە خزمەتكاری ئێوە دەزانین، هیوادارین بەردەوام بن لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، هەر تەندروست و سەلامەت بن، خوای گەورە سەلامەتتان بكات و كوردستانیشمان ئاوەدان بكات. زۆر سوپاس.
وەڵام بدەوه