ڕێباز حەملان ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ کاروباری دارایی ڕایگهیاند: "دوای هەناردەکردنەوەی نەوت، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی وت کە ئێمە هەموو ئیلتیزاماتهكانی خۆمان جێبەجێ کردووە و بە مافی خۆمان دەزانین هەموو مووچەکانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان کە ماوەتەوە بۆمان خەرج بکرێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە کە عێراقیش پابەندی ڕێککەوتن بێت. بەڵام تائێستا مووچەی مانگی هەشت خەرج نەکراوه، چونکە دەمانەوێ پێش هەڵبژاردن دوو مووچە لە کوردستان دابەش بکرێت. هیچ بیانوویەکیش نییه بۆ نهناردنی مووچە، چونکە تەنیا لقی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەولێر بایی سێ مووچە پارەی تێدایە."
گوتیشی: "ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە کراوە بە نرخی بڕێنت دەفرۆشرێت، و مەسەلەی لیستی مووچە نێردراوە، دوو ڕۆژ لەمەوپێش سەد و بیست ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە بانكی ناوهندی لە هەولێر بە شێوەیەکی کاش، هەموو ئەو ئیلتیزاماتانەی کە لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کراوە، ماوەتەوە بەغدا، دوو هەفتە لەمەو پێش سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی دابوو کە مووچەی مانگی هەشت بنێرێت، ڕەنگە دابهشكردنی مووچهی مانگی ههشت بكهویته ههفتهی داهاتووهوه."
ڕێباز حەملان ڕاشیگهیاند، هەندێک قسە و باس گوایە كێشهی دارایی هەیە، ئەگەر وایە بۆچی دەستیان کردووە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دەی خۆیان و هەموو مووچەی هەرێمی کوردستان بە قەدەر تەنیا مووچەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق نابێت.
وەڵام بدەوه