خشتەی دەوامی ڕۆژانەی پزیشکانی ئامادە لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە بۆ مانگی یەك ئاشكرا دەكرێت و پزیشكی 12 پسپۆری جیاواز ئامادە دەبن و بێ بەرامبەر خزمەتی چارەخوازان دەكەن.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بڵاوی كردەوە: "ئەمڕۆ 4ی کانونی دووەمی 2026 لە ئاگاداریەکدا، نەخۆشخانەی پێشمەرگە رایگەیاندووە کە پزیشکانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بۆ مانگی یەك، بەپێی ئەوەی کە لە خشتەی ڕۆژانەی ڕاوێژکاری پزیشکانی پسپۆردا هاتووە ئامادەن پێشوازی لە نەخۆش و چارەخوازان بکەن."
بەپێی خشتەكە لە هەفتانە لە یەكشەممە تاكوو پێنجشەممە نەخۆشخانەكە پێشوازی لە پێشمەرگە و كەسوكاریان دەكات و چارەسەریان پێ دەدات.
لە نەخۆشخانەكە پزیشكی 12 پسپۆری جیاواز ئامادە دەبن و بێ بەرامبەر خزمەتی چارەخوازان دەكەن.
بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو 24کاتژمێر ئامادەن بۆ هەر رووداوێکی فریاکەوتنی لەناکاو، هەروەها هەموو رۆژانی دووشەممە و چوارشەممە نەشتەرگەری بۆ نەخۆش ئەنجام دەدرێت.
نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەسەر ئەرکی وڵاتی ئەڵمانیا درووستکراوە و ماوەی چەند ساڵێكە خزمەتگوزاریی تەندرووستی پێشکەش بە پێشمەرگە و کەسوکاریان دەکات.
پێشتر د. دانا ئەحمەد، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر، راگەیاند: ''ئەو نەخۆشانەی سەردانیمان دەکەن، هەموو خزمەتگوزارییەکانیان بەخۆڕایی پێشکەش دەکرێت و هیچ بڕە پرەیەک بەرامبەر بە پێدانی خزمەتگوزاریی تەندروستی وەرناگیرێت بە نەشتەرگەرییشەوە، هەمووی بێ بەرامبەرە."
ئاماژەی بەوەش دا: "لەو نەخۆشخانەیەدا 30 قەرەوێڵەییەدا لەلایەن 170 کارمەندەوە بەبەردەوامی خزمەتگوزاریی تەندروستی خۆڕایی پێشکەش دەکرێت، لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە پشتگیریی دەکرێت."



وەڵام بدەوه