ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.
سەبارەت بەخەرج نەکردنی مووچەی مانگی شوباتی بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی لەسنووری پارێزگای سلێمانی بە پێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاو بکەینەوە.
وەک بەرچاوڕوونییەک بۆ هەموو لایەک زیادکردنی ناوی فەرمانبەر یان خانەنشین یان هەر مووچەخۆرێک لە لیستی مووچەی مانگانە پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمەوە نییە، بەڵکوو ئەو ڕێکارە پەیوەستە بەوەزارەت و یەکە ژمێریاریەکانی دەرەوەی وەزارەتی داراییەوە.
١- ئەو خانەنشینانە کە ناویان لە لیستی مووچەی مانگی شوبات نییە ژمارەیان لە ٨٠١ کەسە و کەمئەندامی سەنگەرن کە پێشتر لەسەر هێزەکانی ٧٠ مووچەیان بۆ خەرج کراوە، لەچوارچێوەی بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی، بەهۆی تەواو نەبوون و پەسەند نەکردنی دۆسیەکانیان نەتوانراوە لەمانگی شوباتدا داخڵی لیستی مووچە بکرێنەوە، کاتێک لیستی مووچە و دۆسیەکانیان گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی شوبات لەبەغداد بووە.
٢- لەکاتی وردبینی لە دۆسیەی ئەو خانەنشینانە دەرکەوتووە بەشێکی زۆریان ( upn ) یان نەبووە و بەشێکیشیان وارسن و مامەڵەی وارسیان بۆ نەکرابوو، دوای ئەنجامدانی وردبینی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە ( ٧٥٠ ) خانەنشینیان دۆسیەکانیان پەسەند کراوە و لەلیستی مووچەی مانگی ئازار لەسیستەمی پەیڕۆڵ داخڵ کراونەتەوە و مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە، هەر مووچەخۆرێکیش ( upn ) ی نەبێت ناتوانرێت داخڵی سیستەمی پەیڕۆڵ بکرێت کە لە ئێستادا لیستی مووچە بەو سیستەمە ئامادە دەکرێت.
سەبارەت بە شایستەی مووچەی سەرجەم ئەو خانەنشینانەی کە لە چەند مانگی ڕابردوو مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دڵنیایی داوە کە ئەو مووچانە وەک شایستەیەک دەمێنێتەوە تا کاتی پەسەندکردنی بوودجە و دواتر هەمووی بەسەریەکەوە خەرج دەکرێتەوە، لە بەرئەوەی لە ئێستادا بوودجە پەسەند نەکراوە و مانگانە تەنها کار بەخەرج کردنی یەک لەسەر دوازدەی ساڵی ڕابردوو دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری
١٢ ی ئازاری ٢٠٢٦


وەڵام بدەوه