گوتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی ئەپیكۆر رای گەیاند، بۆڕیی نەوتی كوردستان-توركیا بۆ ئاسایشی وزەی عێراق، گرنگییەكی زۆری هەیە و ئێستە بووەتە تاكە هیوای حكوومەتی بەغدا.
زۆرینەی شارەزایان باس لەوە دەكەن تاكە رێگەی رزگاربوونی عێراق لە شەڕی ناوچەكە، گواستنەوەی نەوتەكەیەتی بە رێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستان، وەك پێشتریش راگەیەنرا گفتوگۆی بەغدا و هەولێر بەردەوامە.
لەمبارەیەوە مایڵز كاگینز گوتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی ئەپیكۆر رای گەیاند، بۆڕیی نەوتی كوردستان- توركیا بۆ هەموو عێراق و ئاسایشی وزەی عێراقیش گرنگە، هەروەها ئەمە تاكە رێگەیە حكوومەتی فیدراڵی عێراق بتوانێ نەوتەكەی هەناردە بكاتەوە، چونكە بەهۆی شەڕەوە رێگەی ناوچەكانی تری عێراق گیراون.
باسی لەوەش كرد، عێراق هیوای زۆر بە هەرێمی كوردستانە بۆ بەكارهێنانی ئەم بۆڕییە، ئەگەر لەگەڵ هەرێم رێككەوتن بكرێت و كارەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەكانە.
لەبارەی هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان گوتی، ئەوان ئامانجیانە وزەی كوردستان راگرن و زیان بەژێرخانی هەرێم بدەن، بۆیە پەلاماری هەولێر و كوردستانیان بۆ گرنگە.
بەهۆی هێرشەكانەوە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستانیش كەمی كردووە و بە بڕوای گوتەبێژەكەی ئەپیكۆر، ئەمە كاتی دەبێت و دۆخەكە ئاسایی بێتەوە، كۆمپانیاكان راستەوخۆ دەست بەكارەكانیان دەكەنەوە و وەبەرهێنان دەگەیەننەوە ژمارەكانی پێشتر.
هاوكات ئەوەشی گوت، ئەمەریكا چاوی لەوەیە وزەی ناوچەكە پارێزراو بێت، بەتایبەت كەرتی وزە لە عێراق و كوردستانیش گرنگیی زۆریان بۆ ئاسایشی وزەی وڵاتانی دنیا هەیە


وەڵام بدەوه