بەرپرسێك: ئەو بۆرییانە بە بودجەی عێراق نەكراون
ئێستە كاتی لێپرسینەوە لەگەڵ بەغدا هاتووە
بەر لە هەر مەرجێك دەبێت هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان بوەستێن
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لەسەر زاری دوو بەرپرسی هەرێمی كوردستان ئەو مەرجانە ئاشكرا دەكات كە هەرێم بۆ بەغدا لەبەرانبەر رێگەدان بە هەناردەی نەوتی عێراق بە بۆرییە نەوتییەكانی كوردستان دایناون، یەكێك لە بەرپرسەكانیش دەڵێ، "كاتی لێپرسینەوە لە زۆر بابەت هاتووە یەكێك لەوان چەندان ساڵە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕاوە".
ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئادار، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەینراوێكدا ئاشكرای كرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رازی نەبووە نەوتی عێراق لە رێگەی بۆرییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت. وەزارەتی نەوت بێ ئەوەی روونكردنەوە بدات، هیچ ئاماژەییەكی بە مەرجەكان نەكردووە و تەنیا گوتویەتی، " كۆمەڵێك مەرجی داناوە كە پێوەندییان بە بابەتی هەناردەی نەوتەوە نییە"
سەبارەت بەو مەرجانەیش وەزارەتی نەوت دەڵێ، "لەلایەن خۆمانەوە روونمان كردووەتەوە كە دەكرێت دواتر هاوتەریب لەگەڵ دەستپێكردنەوەی نەوت، تاوتوێی ئەو مەرجانە بكەین، چونكە دواخستنی هەناردە عێراق لە هەندێك داهات بێبەش دەكات".
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات پێشتر قسەی لەگەڵ دوو بەرپرسی كورد كردووە، ئەوان مەرجەكانیان بۆ شەرق ئەوسەت باس كردووە و دووپاتیشیان كردووەتەوە، ئێستە رۆژی لێپرسینەوەیە لە بەغدا. یەكێك لە بەرپرسەكان دەڵێ، ئێستا كاتی ئەوەیە لێپرسینەوە لەسەر زۆرێك لە بابەتەكان بكرێت، لەوانە چەندان ساڵە بودجەی هەرێم بڕاوە".
بەرپرسەكەی تریان دەڵێ، "بابەتی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا نابێت بێ مەرج بێت، ئەو هەنگاوە پێوەستە بە چەندان تێگەیشتنی سیاسی و ئابووری نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی، لەوانەیشە ئەو پێشهاتانەی بازاڕی وزە بە تایبەت زۆر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت رۆڵیان هەبێت".
بەرپرسە كوردەكان باسیان لە گرنگی بۆرییە نەوتییەكان كردووە و دووپاتی دەكەنەوە، هەێمی ناچار بووە ئەو بۆرییانە رابكێشێ، چونكە بەغدا چوار ساڵ لە نێوان 2014 و 2018 مووچەی فەرمانبەرانی بڕییوە، ئەمەیش وایكرد دەسەڵاتی هەرێم بیر لەو بۆڕییانە بكاتەوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی داهاتی هەبێت.
یەكێك لە برپرسەكان دەڵێ، "لۆژیكی نییە بەغدا تەنیا پارەی تێپەڕبوون بدات، بەڵكو دەبێت پارەیەكی زیاتر بە هەرێم بدات، چونكە بۆرییەكان بە بودجەی عێراق ئەنجامنەدراوە، بەڵكو بە پارەیەك بووە كە دواتر وەك قەرز خراوەتە سەر ئەستۆی هەرێمی كوردستان".
بەرپرسە كوردەكان باس لەوەیش دەكەن، "سروشتیە هەرێم لەم كاتەدا كۆشش بكات بۆ ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، لە چوارچێوەی تێگەیشتنێك كە بەرژوەندی هەر دوو لا لەبەر چاو بگرێت و سەقامگیری لە دۆسیەی نەوت بەرجەستە بكات" كێشەیەكی تر كە ئاماژەی بۆ كراوە ئەوەیە هەرێم لە دەروازە سنوورییەكان كێشەی لەگەڵ جێبەجێكردنی سستەمی ئەسكیۆدا هەیە، پێیوا ئەمە بەم دواییە زیانێكی زۆری بە بازرگانی هەرێم گەیاندووە.
یەكێك لە بەرپرسەكان باس لە مەرجێكی تر دەكات و دەڵێ، "هەروەها لۆژیكی نییە، هەرێم بە بۆرییەكان رێگە بە نەوت بدات، كەچی میلیشییەكانی سەربە حەشدی شەعبی و چوارصێوەی هاوئاهەنگی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر هەرێم ئەنجام بدەن، بۆ سەر ژێراخنەكە بە پاڵاوگە و كێڵگە گازییەكانی". بۆیە دووپاتی ئەوە دەكاتەوە وەستانی هێرشەكان بۆ سەر هەرێم، لە پێشینە ئەو مەرجانە دەبێت كە هەرێمی كوردستان دەیخاتە بەردەم بەغدا


وەڵام بدەوه