ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دوای ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە کە هەڕەشە و گوڕەشەیان تێدابوو. بۆیە دەمانەوێت بۆ هەمووانی ڕوون بکەینەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریی تیمە تەکنیکییە پسپۆڕەکان لە دانوستانە خێرا و دەستبەجێیەکاندا بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی خاڵە جێناکۆکە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری خێرا کە خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی وڵات بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێز لە دەستوور دەگرێت و پێوەی پابەندە، و چاوەڕوان لە بەغدا دەکات ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگرێت و دەست هەڵبگرێت لە پێشێلکردنیان.
وەک لە ماددەی (١١٢)ی دەستووری عێراقدا هاتووە: "حکومەتی فیدراڵی و حکومەتەکانی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان پێکەوە هەڵدەستن بە داڕشتنی سیاسەتە ستراتیژییە پێویستەکان بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و گاز، بەو شێوەیەی کە بەرزترین سوود بۆ گەلی عێراق بەدی بهێنێت، بە پشتبەستن بە نوێترین تەکنەلۆژیا و پرەنسیپەکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان".
لێرەدا جەخت لە وشەی (پێکەوە) دەکەینەوە، چونکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دەسەڵاتە تەنها تایبەت نییە بە حکومەتی فیدراڵی وەک ئەوەی هەندێک لەو فراکسیۆنانە بانگەشەی بۆ دەکەن.
بۆیە بەپەلە داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین کۆبوونەوەیەکی دەستبەجێ ئەنجام بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەبری دەرکردنی ڕاگەیەندراوی هەڕەشەئامێز.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٥ / ٣ / ٢٠٢٦


وەڵام بدەوه